چەندین ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، داوایان لە ئەڵمانیا کردووە کە واز لە داواکاری بڕوانامەی دەرچوون لە تاقیکردنەوەی زۆرەملێی فێربوونی زمانی ئەڵمانی بێنن، بۆ ئەوەی خێزانە پەنابەرەکانی دانیشتووی ئەڵمانیا بە زوویی یەکبگرنەوە، ڕێکخراوەکان وا بیریان کردەوە کە فێربوونی زمانەکە لە ئەڵمانیا ئاسانترە و خێزانەکان لە پەرتەوازەبوون دەپارێزرێن.
حکومەتی ئەڵمانیا پێشنیازی کشانەوەی ئەو داواکارییەی کرد بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی بۆ کرێکارە شارەزاکان، کە خوازیارن بێنە ئەو وڵاتە بۆ گەڕان بەدوای کاردا، ئەم پێشنیارە وای لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە داوای ئەوە بکەن هەمان بڕیار بۆ هاوسەرە پەنابەرەکان جێبەجێ بکرێت.
چەندین کەس کە ویستوویانە بچنەوە لای هاوسەرەکانیان، یا لای ژنەکانیان بۆ ئەڵمانیا، بەڵام بەهۆی نەزانینی زمان شکستیان هێناوە، ئەوەش بەهۆی ئەو داواکارییەی لە ئەڵمانیادا هەیە، کە دەبێت پێش چوونە ناوەوەی ئەو وڵاتە، بیسەلمێنن زمان دەزانن، ئەوەش هانی ئەو ڕێکخراوانەی داوە داکۆکی لە مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران بکەن، وەک کۆنفدراسیۆنی DGBی سەندیکاکانی پرۆ ئاسیل و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی پەنابەری، داوا بکەن، داواکاری وەرگرتنی بڕوانامەی زمانی ئەڵمانی بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بە خێزان، یا هاوبەشەکانیان لە ئەڵمانیا بگەن، نەمێنێ، یا کەم بکرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکە، ساڵانە نزیکەی 10 هەزار ژن و مێرد بەهۆی ئەم دۆخەوە دەناڵێنن و، بەوهۆیەشەوە بێبەشن لە پێکەوەژیان، ئەوانەی بەرپرسن لەم کۆمەڵانە، پرسیاری ئەوە دەکەن، کە ئەگەر چیتر پێویستی بە بڕوانامەی زمان نییە بۆ یەکخستنەوەی خێزانی کرێکارە شارەزاکان کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، بۆچی بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ ناکرێت؟