هێزە ئیرشادییەکان لە کچە کوردێک دەدەن و بەهۆیەوە دەکەوێتە باری بێ هۆشییەوە 

ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەقز، کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادی تاران درایە بەر لێدان و چووەتە کۆما، ئاستی وشیاری لە خوارەوەیە و لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ژینا ئەمینی، لە نزیک شاڕێی حەقانی تاران، لەلایەن گەشتی ئێرشاد دراوەتە بەر لێدان و دوای دەستبەسەرکران گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی وزای ئەو شارە.

یەکێ لە نزیکەکانی بنەماڵەی ئەمینی ڕاگەیاند، ژینا ئەمینی لەکاتی دەستبەسەرکرانی، بە باتۆم دراوەتە بەر لێدان و سەری بە سەختی بریندار بووە، دوای گواستنەوە بۆ دەستبەسەرگە، باری تەندروستی تێکدەچێت و بە ئەمبوڵانس دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەسرا و، تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، پزیشکەکان بە بنەماڵەی ئەمینییان ڕاگەیاندووە، ژینا تووشی جەڵتەی مێشک بووە و هیوایەک بۆ باشبوونەوەی نییە.

هەنگاو زانیویەتی بنەماڵەی ئەمینی چوونەتە ئەو ژوورەی ژینای تێدا ڕاگیراوە، بەڵام ئیزنیان نەداون وێنەی بگرن، بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە، کە جەستەی ژینا ڕەش و شین بۆتەوە و، ئاسەواری لێدان بەسەر دەموچاو، لاق و جەستەیەوە دیار بووە.

جێی باسە، ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە .

ڕەنگە بە دڵت بن