خۆپیشاندان و ناڕەزاتییەکان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، وڵاتانی ئەوروپاشت گرتۆتەوە، دوێنێ بەسەدان کەس لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لە بەردەم باڵوێزی کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندانیان سازکرد، تێیدا دروشمی مردن بۆ ڕێبەرانی ئێران و بکوژانی ژنکوژی کۆماری ئیسلامیان دەوتەوە.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ هاوڵاتیانی کوردستانی و ئێرانی، لە شارەکانی فرانکفۆرت، شتوتگارد، دوسلدۆرف، کۆڵن و مینشن، هاوڵاتیانی کوردستانی و ئێرانی، ئەمڕۆ یەک شەممە خۆپیشاندان ساز بکەن.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، دوێنێ لەکاتی ناشتنی تەرمی ژینا ئەمینی لە شاری سەقز، بەهەزاران هاوڵاتی هاتوونەتە سەر شەقام و سروودی نیشتمانی کوردستان و شەهید نامرنیان وەک ناڕەزایەتی دژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەوتەوە، هەر بەپێی ئەو گرتە ڤیدۆییانە بێت، لەئاکامدا توندیژی لەگەڵ هێزەکان ڕوویداوە و چەند هاوڵاتییەک بوونە قوربانی.
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاویکردەوە، کە تەرمی ژینا ئەمینی بەیانی ڕۆژی شەممە لە شاری سەقز، کە 460 کیلۆمەتر لە تارانەوە دوورە، لە کوردستان بە خاک سپێردراوە، ئاژانسەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “لە دوای پرسەکە چەند کەسێک شوێنی ڕووداوەکەیان جێهێشتووە و، هەندێکی دیکەش بەردەوام بوون لە وتنەوەی دروشم و داوای لێکۆڵینەوەی وردیان لە ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە کردووە، دواتر خۆپیشاندەران لەبەردەم نووسینگەی پارێزگار کۆبوونەوە و دروشمی زیاتریان دەوتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسک ڕێژد بڵاوەیان پێکردوون”.
هەرلەمبارەوە لە شاری سنە هاوڵاتیان کۆبوونەوە و، هاواریان دەکرد شاری سەقز بە تەنیا نییە، ئەوەش وەک پاڵپشتی بۆ نارەزایەتییەکان و، مردن بۆ دیاکتاتۆریەت وەک ئاماژە بە مردن بۆ دەستەڵاتدارانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیان دەوتەوە.
جێی باسە، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بۆ سەردانی کەسوکاری لەگەڵ خێزانەکەی رۆژێک پێش ئەو رووداوە چووبووە تاران.
موژگان ئەمینی، دایکی ژینا بە میدیاکانی راگەیاندووە، جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە. دەشڵێت، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ژینا، براکەی لەگەڵدا بووە و بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی هێزەکانی پۆلیس لێیانداوە.
هەروەها ژمارەیەک رۆژنامەنووسانی ئێرانی، لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، ژینا جەڵتە لێی نەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەشکەنجدان کە لە سەری دراوە، سەری شکاوە و تووشی خوێنبەربوون بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
سۆران حەسەن