ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شەڕ و پەلامارەکانی هەردوو قۆڵی سنووری تورکیا و سوریا، سێ سەربازی سوریا و سەربازێکی تورک کوژران، هاوکات تورکیا بۆردومانی ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری حەسەکەیان کردووە.
رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاندووە، کە چەکدارەکان هێرشێکی موشەکیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازی تورکیا لە نزیک سنووری سوریا و، سەربازێک کوژراوە و سەربازێکی دیکەش بریندارە.
وەزارەتەکە گوتی، هێزەکانی تورکیا تۆڵەیان کردەوە، دوای ئەوەی هێرش کرایە سەر پێگەیەک لە سووروسی پارێزگای شانلی اورفا، ئەو ناوچەیە هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکەی کۆبانێی کوردستانی رۆژئاوا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “ئامانجەکان لە ناوچەکە دەسبەجێ دەستنیشان کراون و، تەقەیان لێکراوە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان 12 چەکداریان کوشتووە.
لەلایەن خۆیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، چەندین هێرش و شوێنی هێزەکانی حکومەت و هێزەکانی سوریای دیموکراتیان لە ناوچەی قەرمۆگ و ناوچەکانی دیکەی سەر بە شارۆچکەی کۆبانێ بۆردومان کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە تۆپبارانەکە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی هێزەکانی حکومەت و لەو شوێنەدا تەئکیدکرایەوە کە 3 کارمەندی سەربازی لەو شوێنە کوژراون و، پێدەچێت ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە بوونی بریندارەکان، کە تا ئێستا زانیاریان لەسەریان نییە.