ئەمڕۆ دادگایکردنی پەنابەرێکی تەمەن 41 ساڵ بەتۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک و فڕێدانی بۆ ناو چاڵێکی قووڵ، لەنێوان نۆربێری و ئاڤێستادا دەستپێدەکات، دادگاییەکە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی پۆلیس وێنەیەکی لەسەر بەرپرسیارێتی پەنابەرەکە دۆزییەوە.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی 22ی نیسان، چەند کەسێک گوێیان لە هاواری ئەو ئافرەتە بووە، کە لە چاڵێکی قوڵایی 24 مەتر لە دارستانەکەی لە لانگگرۆڤانی دەرەوەی نۆربێری (ناوەڕاستی سوید)، داوای یارمەتی کردووە، ڕزگارکردن و زیندووکردنه وه ی ئافرەتەکە سێ کاتژمێری خایاند و دوای ڕزگاربوونی، دەرکەوت کە پیاوێک دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر و فڕێیداوەتە ناو چاڵە کانزاییەکەوە.
ئافرەتەکە بە هەلیکۆپتەر گەیەندرایە نەخۆشخانە، دواتر ئەو پەنەبارە بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هەوڵدان بۆ کوشتن دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان، ئەو پەنابەرە دانی بەوەشدا ناوە، کە پێشتریش ژنی پێشووی خۆی کوشتووە.
ئافرەتەکە وتی پیاوەکە ئەوی بە سەیارەیەک بردە ناو دارستانەکە و دەستدرێژیی کردەسەری و فڕێیداوەتە ناو چاڵەکە، وە پێش ئەوەی فڕێی بدات،، دانی بە کوشتنی هاوسەری پێشووی ناوە، کە لە ساڵی 2020ەوە بێسەروشوێن بووە.
داواکاری گشتی، ئانی تروسینگ وتی، کە تۆمەتبارەکە دەتوانێت بە شوێنەواری دی ئێن ئەی و، تۆماری پەیوەندییەکانەوە، پەیوەندی بە تاوانەکەوە هەبێت.
لێکۆڵینەوەیەکی پۆلیس دەریخست کە ئافرەتەکە زیاتر لە ڕۆژێک لە چاڵەکەدا ماوەتەوە ە کاتێ ڕزگاری بووە، جەستەی زۆر سارد بووە و تووشی شکانی قۆڵ و پەراسووی بووە.
ئەو پەنابەرە، لە کۆتایی ساڵی 2015 لەگەڵ ژنەکەی و سێ منداڵی لە ئەفغانستانەوە چووە بۆ سوید، ژنەکەشی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کۆچبەران لەساڵی 2018دا، ڕایگەیاندووە، کە لە مێردەکەی دەترسێت و چیتر نەیویستووە لەگەڵیدا بژی، وە لە مانگی شوباتی 2019دا سکاڵای لەسەر تۆمار کرد و تۆمەتباری کرد بە هەڕەشەکردن لێی، ئیدی پۆلیس ئەو پەنابەرەی دەستگیرکرد، بەڵام هەمان ڕۆژ ئازاد کرا.
هەروەها ژنەکە داوای قەدەغەکردنی ئەو پیاوەی کرد کە پەیوەندی بە خۆی و منداڵەکانیەوە بکات، بەڵام دەستەڵاتداران داواکارییەکەیان ڕەتکردەوە، بەڵام لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە ژنەکەی هیچ شوێنەوارێکی نەماوە.