بولگاریا: 12 کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی کۆچبەران دەستگیرکرد 

نووسینگەی داواکاری گشتی بولگاریا ڕایگەیاند، کە پۆلیس 12 کەسیان لە چەندین شاری ئەو وڵاتە بەتۆمەتی قاچاخچێتی کۆچبەران دەستگیرکردووە، ئەوەش هاتووە، کە لەو دەستگیرکراوانەدا پەنابەرێکی سوری تێدایە و، ماوەی چەند ساڵێکە بە یاسایی لەو وڵاتەدا دەژی.

دەستەڵاتدارانی بولگاریا، دەستگیرکردنی 12 کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتی کۆچبەران ڕاگەیاند، ئۆفیسی داواکاری گشتی ڕایگەیاند کە لەنێو دەستگیرکراواندا سەرۆکی ئەو گروپە هەبووە، کە پەنابەرێکی سوری و هەڵگری مافی مانەوەی بولگاری بووە..

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو قاچاخچییە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو ڕووداوە هەیە، کە رێککەوتی 25ی ئاب و لە شاری بورگاسی بەندەری (باکووری ڕۆژهەڵاتی سنوور لەگەڵ تورکیا) ڕوویدا و، لەکاتی هەوڵدان بۆ وەستاندنی پاسێکی هەڵگری کۆچبەران، دوو پۆلیس کوژران.

نووسینگەی داواکاری گشتی بڵاویکردەوە، کە قاچاخچییەکان بۆ هەر کەسێک، لە نێوان دوو بۆ سێ هەزار یۆرۆیان لێوەرگرتوون.

لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لە دەوری ئەوەدا دەخولێنەوە، کە ئایا ئەو گرووپە پەیوەندیان بە گرووپی تاوانی ڕێکخراوەوە هەیە، یا تەنیا لە قاچاخبردنی کۆچبەران کاریان کردووە.

پۆلیس هەڵیکوتایە سەر چەندین شوێنی وڵات و دەستگیرکردنی گومانلێکراوان ئەنجام درا و، 22 کۆچبەریش لە یەکێ لە شوێنەکانی نزیک ماڵی یەکێ لە دەستگیرکراوەکان دۆزراونەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەکە بەشێک بوو لە پرۆسەی فراوانتر، کە دەستەڵاتداران دەستیان پێکردبوو بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆچکردنی نایاسایی لە سەرتاسەری وڵات.

85,000 کۆچبەر ڕێگریان لێکراوە

ڕۆزیتسا دیمیترۆڤا، فەرماندەی پۆلیسی سنووری بولگاریا، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ڕایگەیاندبوو، کە فشارێکی زۆر هەیە لە کۆچکردنی نایاسایی بەدرێژایی سنوور لەگەڵ تورکیا، دیمیترۆڤا ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 85 هەزار کۆچبەر لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنووری تورکیا بە بەراورد بە 41 هەزار کۆچبەر لە ماوەی تەواوی ساڵی 2021دا ڕێگرییان لێکراوە سنوور ببەزێنن.

ڕەنگە بە دڵت بن