ژینا مودەڕس گورجی، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، لە درێژەی ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی کوردستان و لە شاری سنە دەستبەسەر کرا و، بۆ “ناوەندی چاکسازی و پەروەردە”ی گرتووخانەی حکومەت گوازراوەتەوە، لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە، وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژی هێزەکانی حکومەت لەو گرتووخانەیە و لێدان و ئەشکەنجە کردنی ناوبراو، مانی لە خواردن گرتووە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەکاتی دەستبەسەرکردنی خاتوو ژینا مودەڕس گورجی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، بە سەختی لێی دراوە و ئەشکەنجە دراوە و، گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، زارا محەممەدی، بەندکراوی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی نۆژین، کە لەو گرتووخانەدا ماوەی پێنج ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات، لە نیوەڕۆی دوێنێوە ڕایگەیاندووە، وەک ناڕەزایەتی بە توندوتیژی و ئەشکەنجەدانی ژنانی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانی لە خواردن گرتووە.
ژینا مودەڕس گورجی، یەکێک لە چالاکی ناسراوی بواری مافەکانی ژنان لە کوردستاندایە و ڕۆژی چوارشەممە، ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ی کوردی (٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی) لە شوێنی کارەکەی، لە شەقامی سەفەری شاری سنە دەستبەسەر کراوە.