ئاندریاس نۆرلین سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی پەرلەمانی سوید ڕایگەیاند، کە لە کاتژمێر 11ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە، چاوی بە سەرۆکی پارتی پارێزگار، ئۆلف کریسترشۆن دەکەوێت، ئەوەش بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
نۆرلین ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی پەرلەمان، پێیوابوو کە دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەمجارەیان خێراتر لەساڵی 2018 دەبێت، بەڵام کاتێکی دیاری نەکرد.
نۆرلین، وتیشی: “نابینم 134 ڕۆژ بخایەنێت وەک جاری ڕابردوو، بەڵام هەندێ کات پێویستە بۆ ئەو دانوستانانەی کە ئێستا بەردەوامە بکرێت”.
نۆرلین سوپاسگوزاری خۆی دەربڕی بۆ ئەو متمانە بەردەوامەی، کە لەلایەن پەرلەمانەوە پێیدراوە بە دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆکی پەرلەمان، هاوکات سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو لایەنانەکان دەربڕی، کە لەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بەشێوەیەکی نائاسایی ڕەفتاریان نەکردووە.