کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان دەکەن

کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک سەرکۆنەی بۆردومان و دەستدرێژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر باشووری کوردستان دەکەن و، داواش لە رێکخراو و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن، کە سنوورێک بۆ ئێران دابنێن.

دەقی پەیامەکە:

کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی سەرکۆنەی بۆردومانەکانی ئێران دەکەن

خوشک و برایانی کوردستانی

لەسەر و بەندی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی 22ساڵ، کە وەک کەیسێکی مرۆیی و نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، بە گشتی پشتگیری ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەرییە خۆڕسکەی هاوڵاتیان دەکەن، بەشێوەیەکی مەدەنی و شارستانیانە گردبوونەوەکان ڕێک دەخرێن بەبێ توندیژ و، بێ جیاوازی ئەنتی نەتەوەیی و ئایینی، گەلانی ئێرانیش خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن.

بەڵام کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر توڕەیی شەقام و هاوڵاتیان و بەربڵاوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، پەنای بۆ بۆردومانی هاوڵاتیانی باشووری کوردستان بردووە، پەنای بردۆتە بەر بەکارهێنانی هێز، کە هیچ کات چارەسەری کێشەکان ناکات، کوشتنی منداڵ و هاوڵاتیانی بێ گوناح تاوانە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، پێویستە دەستەڵاتدارانی ئێران گوێ لە داواکاری هاوڵاتیانی خۆی بگرێت و، ڕێز لە سەروەری هەرێمی کوردستان بگرێت.

بە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی پارت و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان، هیچ وەدەست ناهێنێت، بگرە لەو نێوەدەدا منداڵ و ژن و قوتابی بوونەتە قوربانی بۆردومانەکان.

بۆیە کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، سەرکۆنەی ئەو ڕووداوانە دەکات، وە داوا لە ڕێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات، تا سنوورێک بۆ کارە سەرکێشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران دابنرێت، چیتر خاکی هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی کێشەکان.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدان و گشت شەهیدانی کوردستان، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

کۆنفدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی

28.09.2022

ڕەنگە بە دڵت بن