لەئەنجامی دەستڕێژی گولەی هێزە ئەمنییەکان لە قوتابخانەکانی شاهیدی هوشمەند و هونەرستانی کچان، دوو مامۆستای ئەو قوتابخانانە بە ناوەکانی هەڵاڵە فەرەج پوور و نیگار ئەفرا، برینداربوون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ شەممە (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانانە، پێکەوە بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و مردن بۆ دیکتاتۆر، دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کردووە و، لە بەرامبەریشدا هێز ئەمنییەکان بە خێرایی بەرەو روویان رۆشتوون و دەستیان بە دەستڕێژی گولە کردووە.
قوتابییەکی بەشداری ئەو خۆپیشاندانە لەمبارەوە ڕایاگەیاندووە، کە لەئاکامی دەستڕێژی هێزە حکومییەکان، نیگار ئەفرا جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی شاهیدی هوشمەند و، هەڵاڵە فەرەج پوور، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی هونەرستانی عیسمەت، بە سەختی بریندار بوون و، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، بۆ یەکێ لە ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.