بە سەرپەرشتی مستەر کورد، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکاو کەنەدا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە شاری سەندیاگۆ لە ولایەتی کالیفۆرنیا بە فەرمیی دامەزرا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، نوێنەری کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی پاش سوپاس و پێزانیین لە دڵسۆزی رەوەندی کوردستانی لەو دەڤەرە، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کردو هەروەها لەسەر بەرنامەو پرۆژە نەتەوەییەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە ئاستی جیهان بەگشتیی، ئەمریکای باکوور، ئەوروپا و رووسیا بە تایبەت بە وردی قسەی کرد.
رەشیدی بە پێداگییەوە باسی لەوە کرد ناوەندی رەوەندی کوردستانی وەکوو ناوەندێکی چڤاکی سەربەخۆ بۆ خزمەت بە دۆزی کوردستان کار دەکات و ناوەندەکە هەوڵ دەدات کۆکەرەوەی زۆرترین رێژەی کوردستانیان بێ بۆ خزمەتی دۆزە ڕەواکەمان و لەم بوارەدا بە بەرنامە کار دەکات تاکوو رەوەندەکەمان بە شێوەیەکی سەردەمیانە کەڵک لە بوارو دەرفەتە یاساییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا وەربگرێت و لەو وڵاتانەدا کاراو چالاک بێت.
دواتر ئامادەبووان وێرای پێشوازی و دەربڕینی خۆشحاڵیان لە دامەزرادنی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە هەرێمەکەیان، هاوکات لەسەر کارو پرۆژەکانی کۆنفدراسیۆن قسەیان کردو بۆ باشتر بەرێوەچوونی بەرنامەو چالاکییەکانی رەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا پێشنیارەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێ.
ئەوجار لە بڕگەیەکی دیکەی قسەو باسەکاندا رەحیم رەشیدی وڵامی پرسیارەکانی ئامادەبووانی دایەوەو دیدو بۆچوونەکانی ئەندامانی رەوەندی كوردستانی بە ئەرێنی و دڵسۆزانە شرۆڤە كرد.
پاشان ئەندامانی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە سەندیاگۆ هەڵبژێردران تاکوو ئامادەکاری بۆ گرتنی کۆنفرانسی رەوەندو هەروەها پرۆسە یاساییەکانی ناوەند لەو شارەو لە ژێر رێنوێنی و راسپاردەكانی كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانی بە ئەنجام بگەیەنن.
تیمی بەرێوەبەری ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە شاری ڤانكۆڤەری وڵاتی كەنەدا بریتییە لە:
١. چنار بیناڤی
٢. روونا دهۆکی
٣. کوردین بەزاز
٤.سیپەل عەبدوڵ
٥. عیماد شێروانی
هەروەها لەو کۆبوونەوەدا چنار بیناڤی وەکوو سەرۆکی ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە سەندیاگۆ هەڵبژێردرا.