لاوێکی ٢٢ ساڵەی کورد، لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران شەهیدکرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوێنێ یەکشەممە، ڕێککەوتی ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، هێزەکانی ئێران خۆپیشاندەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و، بە هۆییەوە ئارین موریدی تەمەن ٢٢ ساڵە بە سەختی بریندار بووە و، دواتر گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو گەنجە کوردە، دوای برینداربوونی براوەتە نەخۆشخانەی حەزرەت ڕەسووڵی جوانڕۆ و، بەهۆی سەختی برینەکەی و خراپبوونی باری تەندروستی، گواستراوەتەوە بۆ کرماشان و لە ئاکامدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
خەڵکی شاری سنووری سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی ڕابردوو بۆ یەکەمجار هاتنە سەر شەقام و پەیوەست بوون بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە، لەبەرامبەریشدا هێزەکانی ئێران تەقەیان ڕوو بە خەڵک کردووە، کە بە هۆییەوە لانی کەم ٦ کەسی دیکە برینداربوون.