گەنجێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتڵاعات گیانی لە دەستدا

یەکێ لە خۆپیشاندەرانی بە ناوی ئیسماعیل دزوار خەڵکی سەقز، کە سێ ڕۆژ پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزەکانی ئەو ناوەندەدا، گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی یەکشەممە، ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپا کە جلوبەرگی ئاساییان لەبەردابووە، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شیفای سەقز گواستووەتەوە.

بەوتەی یەکێ لە کارمەندانی نەخۆشخانەی شیفا، ئیسماعیل دزوار، بەهۆی ئەشکەنجەی سەختەوە گیانی لەدەستداوە و ئاسەواری شینبوونەوە و شکان بە جەستەیەوە هەن، بەتایبەتی لەسەر سینگی.

ئەو سەرچاوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەدا ڕاگەیاند: “هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپا لە ساڵۆنی ڕادیۆلۆژی نەخۆشخانە و، لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەو نەخۆشخانەیە، پێیان وتوون، کە هۆکاری مردنی ئیسماعیل بە ڕووداوی هاتووچۆ بنووسن، بەڵام کاربەدەستانی نەخۆشخانە بەتوندی ڕەتیان کردووەتەوە”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە بە هێزەکانی ئیتڵاعاتیان وتووە: “ئەم کەسە بەبێ هەبوونی هیچ نیشانەیەکی ژیان هێنراوەتە نەخۆشخانە، ناگونجێت هۆکاری مردنەکەی ڕووداوی هاتووچۆ بێت، بە دڵنیایەوە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە”.

هەنگاو زانیویەتی، کە دوای دژایەتی کردنی توندی بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی شیفا، لەگەڵ داواکارییەکەی هێزە حکومییەکان، ئەو هێزانە کاتژمێر ٣ی نیوەشەو، تەرمی ئیسماعیل دزواریان بێ ئیزنی نەخۆشخانە دزیوە و بە هاوکاری هێزەکانی ئاگر کوژێنەوە، هەر ئەو شەوە ناشتوویانە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەتییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەر، بنەماڵەی دزواریان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردوون، کە هۆکاری مردنی کوڕەکەیان بە ڕووداوی هاتووچۆ ڕابگەیێنن و، لە پرسەنامەکەشی و لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هۆکاری مردنی ناوبراویان بە ڕووداوی هاتووچۆ نووسیوە، برای هاوسەری ئیسماعیلیش بە ناوی زانیار حسێن زادە، هەر لەو پەیوەندییەدا دەستگیرکراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئیسماعیل دزوار ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر لە گەڕەکی حەماڵاوای سەقز، بە بیانووی ئەوەی کە ویستوویەتی ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئۆتۆمبێل بکاتە ژێرەوە، لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستگیرکراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن