بەریتانیا : سیستمی بەرگری ئۆکرانیا بەهێز دەکەین

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند، کە موشەکی دژەفڕۆکەی زیاتر دەدەنە ئۆکرانیا، لەوانەشە بۆ یەکەمجار، ئەو چەکانەی کە توانای تەقاندنی مووشەکی کروزیان هەیە پێی بدرێت.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کە “لە هەفتەی داهاتوودا” مووشەکەکانی ئەمرام دابین دەکات بۆ سیستەمی بەرگری ئاسمانی ناسامز، کە ئەمەریکا بەڵێنی داوە بۆ ئۆکرانیای دابین بکات.

راگەیەندراوەکە ئەوەشی تێداهاتووە، کە ئەوە یەکەمجار دەبێت، کە لەندەن ئەو چەکانەی توانای تەقاندنی موشەکی کروزیان هەیە بداتە ئۆکرانیا.

بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەو موشەکانە یارمەتی پاراستنی ژێرخانی نەتەوەیی گرینگی ئۆکرانیا دەدەن.

هەروەها وەزارەتەکە ڕایگەیاند، کە سەدان موشەکی دژە فڕۆکەی بۆ کیێڤ دابین دەکات، هاوکات سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بۆ پشتگیری هەواڵگری ئۆکرانیا دابین دەکات.

بەیاننامەکە بە وتەی بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت: “ئەو چەکانە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن بۆ بەرگریکردن لە ئاسمانی خۆی لە هێرشەکان و، بەرگریەکانی لەگەڵ سیستمەکانی ناسامی ئەمەریکی بەهێز دەکات”.

سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن، دوێنێ چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فەڕەنسای 2 ڕایگەیاند، کە فەڕەنسا سیستەمی بەرگری دژە فڕۆکە بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات.

وتیشی: “ئێمە رادارەکان، سیستەمی موشەکی دژە فڕین دابین دەکەین بۆ پاراستنی ئۆکرانییەکان لە هێرشەکان، بەتایبەتی بۆ پاراستنیان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان”.

کیێڤ داوای لە هاوپەیمانەکانی کرد کە یارمەتی پاڵپشتی بەرگری ئاسمانی بدەن، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی بۆردومانی قورسی ڕوسیا پایتەختی ئۆکرانیای کردە ئامانج و، دەیان قوربانی مەدەنی بەجێ هێشت و ژێرخانی ئابووری وێران کرد.

سکرتێری گشتی ناتۆ جێنس ستۆلتنبێرگ، جەختی لەوەکردەوە، کە لە میانەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتی بەهێزکردنی پشتیوانی بۆ ئۆکرانیا دەکەن و، ئەولەویەتیش سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر دەبێت بۆ ئەو وڵاتە.

ڕەنگە بە دڵت بن