لەبەر ڕۆشنایی هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و کاردانەوەکانی بۆ سەر ئاسایشی ئەوروپا، ئەڵمانیا و 14 وڵاتی ئەوروپی ئەندامی ناتۆ بەیاننامەیەکیان بۆ دامەزراندنی سیستمی سکای شیلدی ئەوروپا واژۆکرد، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی چەتری پاراستنی ئاسمانی.
ئەڵمانیا بەهاوکاری 14 وڵاتی دیکە، پڕۆژەیەکی دەستپێکرد بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی پێشکەوتووتری بەرگری ئاسمانی ئەوروپا، کریستیانا لامبرێخت وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ی تشرینی یەکەمی 2022)، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ناتۆ لە برۆکسل، لەگەڵ وەزیرە ئەوروپییەکان بەیاننامەیەکەی واژۆ کرد.
پرۆژەکە بۆشاییەکانی چەتری پاراستنی ئێستای ناتۆ بۆ ئەوروپا پڕ دەکاتەوە.
پلانی ئەوە هەیە کە سیستەمی چەکی نوێ بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی تر بکڕدرێت و، لەڕێگەی دەسپێشخەری سکای شیلدی ئەوروپا، کە ڕووبەرێکی گەورە بە هەرزانترین نرخ دەپارێزێت.
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا باسی لەوەشکرد کە ئەوان پێکەوە خۆیان پابەند دەکەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی هاوبەشیان بۆ ئاسایش لە کیشوەرەکەیاندا.
بەرپرسانی بەریتانیا، سلۆڤاکیا، نەرویج، لاتیڤیا، هەنگاریا، بولگاریا، بەلجیکا، کۆماری چیک، فینلاند، لیتوانیا، هۆڵەندا، ڕۆمانیا و سلۆڤینیا بەشدارییان لە مەراسیمی واژۆکردنی ئەمڕۆدا کرد.
لەلایەکی ترەوە وەزیری بەرگری ئەڵمانیا هۆشداریدا لەبەرامبەر بەکەمزانینی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڕوسیا لەجەنگی ئۆکرانیا، لامبرێختیش ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی بەرپرسانی ناتۆ گوتی: زۆر گرینگە هەڕەشەی ڕوسیاوە بەجدی وەربگیرێن.
وەزیری ئەڵمانیا ڕەتیکردەوە وردەکاری بدات و گوتی: تکایە لەوە تێبگەن کە ئێمە لە لیژنە نهێنییەکانی ناوخۆدا ئەو جۆرە هەماهەنگییە دەکەین، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەتوانێت بڵێت ئامادەکاریی بۆ دەکرێت.