ئێران: هێزە ئەمنیەکان کچە قوتابییە کوردەکان دەڕفێنن 

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج قوتابی ١٧ ساڵ لە شاری سەوڵاوا بە ناوەکانی پەروا حوسێنی، شنیا حوسێنی، ئەشکان ئیبراهیمی، ئاریا مورادی و موبین مورادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیتڵاعاتی سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێککەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، هێرشیان کردووەتە سەر قوتابخانەی کچانی “سومەیە” و، بە دروستکردنی کەشێکی تۆقێنەر هەڕەشەیان لە قوتابییەکان کردووە و، دوو کچی مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵیان بە نێوەکانی پەروا حوسێنیی و شنیا حوسێنی ڕفاندووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی ڕەزبەر سێ قوتابی ١٧ ساڵەی قوتابخانەی “کازمی” سەوڵاوا، بە نێوەکانی ئەشکان ئیبراهیمی، ئاریا مورادی و موبین مورادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند، کە گوایە ئەو پێنج قوتابییە بە هۆی دروشم نووسین لە قوتابخانەدا دەستگیرکراون.

موبین مورادی ڕۆژی سێشەممە و دوای سێ ڕۆژ لە دەستگیرکرانی ئازاد کراوە، ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکان، بەڵام هەتا ئێستا چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی چوار قوتابییەکەی دیکە نادیارە.

ڕەنگە بە دڵت بن