بەهۆی سەردانی بۆ سەر گۆڕی ژینا ئەمینی ئیتلاعات گەشتیارێکی ئیسپانی دەستگیر دەکات

گەشتیارێکی خەڵکی ئیسپانیا، بە ناوی سانتیاگۆ سانچێزی تەمەن ٤١ ساڵ، دوای سەردانی بۆ سەر گۆڕی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سانتیاگۆ سانچێز، لە سێ هەفتەی ڕابردووەوە لەگەڵ وەرگێڕەکەی، کە خەڵکی شاری بەندەر عەباسە، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستگیرکراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕایگەیاندووە، سانتیاگۆ سانچێز لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرە.

سانتیاگۆ سانچێز، کە ئەندامی پێشووی هێزی ئاسمانی ئیسپانیشە، ویستوویەتی کە لە وڵاتەکەی خۆیەوە هەتا شوێنی بەڕێوەچوونی مۆندیالی جیهانی لە قەتەر بە پێ ببڕێت، بەڵام دوای چوونە ناو خاکی ئێران و، ڕۆیشتنی بۆ سەر گۆڕی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.

چەند هەفتەیەک پێشتر، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، ٩ کەسی دەرەکی، کە زۆربەیان خەڵکی ئەوروپان، بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردوون.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، دەبوو هەواڵی دەستگیرکرانی ئەو هاوڵاتییە ئیسپانیایە، دەستبەجێ بە کونسوڵگەری وڵاتی ئیسپانیایان لە ئێران ڕابگەیندرایە، بەڵام هەتا ئێستا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەبارەی دەستگیرکرانی ئەو کەسەو، هیچ هەواڵێکی فەرمییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەداوە.

ڕەنگە بە دڵت بن