ئیتلاعات بنەماڵەی فریشتە ئەحمەدییان خستۆتە ژێر گوشارەوە

بنەماڵە و کەسوکاری فریشتە ئەحمەدی، یەکێ لە گیان بەختکردووەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایییانەی شاری مەهاباد، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت کراون و، لەژێر گوشار و هەڕەشەدان.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاش ئەوەی ئیبراهیم ئەحمەدی، برای گیان بەختکردوو فریشتە ئەحمەدی، پەیامێکی ڤیدیۆیی تۆمار و بڵاوکردەوە و، لە پەیامەدا بانگەشەی چەواشەکارانەی بەرپرسانی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ڕەتکردەوە، ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.

پێشتر ئیبراهیم ئەحمەدی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا چەواشەکارییەکانی ناسر عەتەباتی، سەرۆکی گشتی دادگوستەری پارێزگای ئورمیەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: “بنەماڵەی ئەحمەدی سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک تۆمار نەکردووە و گومانیان لەوەدا نییە، کە کچەکەیان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە شەهید کراوە”.

ناسر عەتەباتی، ڕۆژی ڕابردوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە، لەناو ماڵەوە تەقە لە فریشتە کراوە و لەسەر کەیسی پەروەندەیی سزا دروستکراوە.

فریشتە ئەحمەدی، ٣٢ ساڵە و خەڵکی شاری سەردەشت، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ی کوردی (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ی زایینی)، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی شاری مەهاباد و، لە کاتێکدا لە سەربانی ماڵەکەی خۆیان بوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستدا.

تەرمی ئەو گیان بەختکردووەی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری مەهاباد، لە یەکێ لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە بە خاک سپێردارا.

ڕەنگە بە دڵت بن