کۆمپانیایەکی خانووبەرە، داوا لە ئافرەتێکی تەمەن 45 ساڵ دەکات، تا 141 هەزار کرۆن قەرەبووی ئەو زیانانەی بداتەوە، کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە لەناو شوقەکەدا بۆ ماوەی 9 مانگ بەردەوام کێشاویەتی، کۆمپانیاکە دەڵێ، زیانی دوکەڵی جگەرەکێشانەکەی بەر سێ ژووری شوقەکە کەوتوون، لەبەرانبەریشدا ئافرەتەکە دەڵێ، کە تۆمەتەکان “هەڵەن” و ئەستەمە لە ماوەی ساڵێکدا بەهۆی کێشانی جگەرەوە ئەو هەموو زیانە بەر شوقەکە بکەوێت.
ئافرەتەکە لە شوقەیەکی ڕۆژئاوای مالمۆیە و بۆ ماوەی نۆ مانگ لێی ژیاوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەی هێمن هیرا بڵاویکردەوە.
کۆمپانیای خانووبەرەی ئێم کەی بی، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی نیشتەجێکردنی شارەوانی لە سوید، پێیوایە ئافرەتەکە لەناو شوقەکەدا جگەرەی کێشاوە و، لە ئەنجامدا زیانی زۆری نیکۆتینی لێکەوتۆتەوە، بۆیە داوای یاسایی لەسەر ئەو ئافرەتە تۆمارکرا و داوای 141000 کرۆنی لێ دەکرێت.
ئافرەتەکە بە ڕۆژنامەکەی گوت: من تەنیا نۆ مانگ لەوێ ژیام و بە کراوەیی لە دەرگای باڵکۆنەکە جگەرەم کێشاوە. لە بواری تەکنیکیەوە ئەستەمە کە شوقەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زیانی بەربکەوێت.
“کاتێک بۆ پشکنین چوونە ژوورەوەی شوقەکە، وتیان کە بۆنی دووکەڵی لێ دێت، ئەمە ڕاستە چونکە من تەنیا جگەرەم کێشابوو. وە ئێستا ئەوان دەڵێن کە من بە تەواوی شوقەکەم وێران کردووە. هەست بە تەڵەیەک دەکەم بۆ کۆکردنەوەی پارە”.
ئافرەتەکە دوو ساڵ پێش ئێستا لە شوقەکە چۆتە دەرەوە و لەوکاتەوە هیچ شتێکی لە کۆمپانیاکەوە نەبیستووە.
ئافرەتەکە گوتی: شوقەکەم جێهێشت و ڕۆیشتم، ئێستاش سەرسامم بەوەی کە داوای یاسایی هەیە.
ئەو تێچوونەی کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە خەمڵێندراوە، گونجاندنی پەردە، ستێرلیزەکردنی دەرگاکان، پەنجەرەکان و بەشەکانی ناوەوەی چێشتخانەکە، هەروەها خەرجیەکانی ڕاوێژکردن دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ئەو پشکنینەی کە کۆمپانیاکە ئەنجامیداوە، بەهۆی دووکەڵ و نیکۆتینەوە، بۆنی شوقەکە خراپ بووە، دوای ئەوەی ژنەکە ڕۆیشت دیوارەکان، سەقفەکان و تێکڕای شوقەکە بۆنی نیکۆتین گرتوویەتی.
لەسەر ئەگەری زیانگەیاندن بە شوقەکە لەو ماوە کەمەدا، ڕێکخەری یاسایی کۆمەڵەی کرێنشینان، لارچ لارشۆن گوتی: “بەپێی پشکنینەکە، ئەمە ئەگەری هەیە شوقەکە بە تەواوی نۆژەنکرابێتەوە، دوای ئەوەی ژنەکە چۆڵی کردووە”.
لەسەر تێچووی بەرزی پاککردنەوە، لارشۆن گوتی: یەک ژوور نەبوو، بەڵام هەموو شوقەکە پێویستی بە پاککردنەوە بوو.
لە وەڵامی پرسیاری ئایا جگەرەکێشان لە شوقەکە بەشێوەیەکی یاسایی قەدەغەیە؟ لارشۆن وەڵامی دایەوە: نەخێر، بەڵام نابێت هیچ زیانێک هەبێت، یاسای تینانسی تێچووی چاککردنەوەی زیانەکانی نیکۆتین هەڵدەگرێت.
لارشۆن گوتی، ژمارەی ئەو شوقانەی کە بەهۆی جگەرەکێشانەوە کاریگەریان هەبووە لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە.
ئەمە یەکەم جار نییە کە خودی کۆمپانیای خانووبەرە داوای پارەیەکی زۆر لە کرێچی دەکات لە ئەنجامی جگەرەکێشان، چونکە پێشتر داوای قەرەبووی ئەو پیاوەی کردبوو کە بیست ساڵ لە شوقەکەدا جگەرەی کێشابوو، بۆ قەرەبووکردنەوەی 415 هەزار کرۆن، تا ئێستا کەیسەکە لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە یەکلایی نەکراوەتەوە.