نازیلا مەعرووفیان، خەڵکی سەقز و پەیامنێری “ڕویداد ٢٤”، لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری تاران دەستبەسەرکرا.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٣٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، نازیلا مەعرووفیان، پەیامنێر و خوێندکاری خەڵکی سەقز، لە شاری تاران دەستبەسەرکراوە، ئەو هەواڵنێرە کە پێشتر لە میدیای “دیدەبان ئێران” کاری کردووە، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین گوازراوەتەوە.
نازیلا مەعرووفیان لە ماڵی یەکێ لە ناسیاوەکانی دەستگیرکراوە و، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانەی ئێڤین، لەڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی بنەماڵەکەی لە دەستگیرکرانی خۆی ئاگادار کردووەتەوە.
لەم ڕۆژانەی دوایدا، دامودەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی میدیاییان دەستگیرکردوون.
لەلایەکی دیکەوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، گەشین سەعیدی خەڵکی شاری سنە، کە لە تاران پەرستار بووە، ڕفاندووە.
گەشین سەعیدی، پەرستار لە نەخۆشخانەی “فیروزگری” تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە حکومەت لە شاری تاران ڕفێندراوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی سەعیدی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.