ئەمەریکا سزای بەسەر تۆڕێکی نێودەوڵەتی قاچاخچێتی نەوتدا سەپاند، کە پاڵپشتی لە حزبوڵا و سوپای قودسی ئێران دەکەن، سزاکە دەیان کەس و کۆمپانیا و تانکەر دەکاتە ئامانج، ئەوەش لە کاتێکدایە واشنتۆن هەوڵی زیادکردنی فشارەکانی بۆ سەر تاران دەدا.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەندامانی ئەو تۆڕەی دیاری کردووە کە ئاسانکارییان بۆ بازرگانی نەوت کردووە و، داهاتەکەی بۆ حزبوڵای لوبنانیە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەروەها بۆ هێزی قودسی ئێرانیش کە باڵێکی سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتەیە و لە دەرەوەی وڵات کاردەکات، لەکاتێكدا هەردووکیان لەژێر سزاکانی ئەمەریکادان.
دوایین هەنگاوی ئەمەریکا دژی قاچاخچێتی نەوتی ئێران، لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی ئێران وەستاون و، پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕۆژئاوا تادێت ئاڵۆزتر دەبێت.
خەزێنەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆڕەی ڕۆژی پێنجشەممە دەستنیشانی کردوون، کەسانی سەرەکی و کۆمپانیاکانن کە تۆمەتباریان دەکەن بەوەی تێوەگلاون لە تێکەڵکردنی نەوت بۆ شاردنەوەی نەوتی ئێران لەناو ئەو بارانە و، هەناردەکردنی بە سەرتاسەری جیهان بۆ پشتیوانی دارایی لە سوپای قودس و حزبوڵا.
برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی لە بەیاننامەکەدا گوتی: “پێویستە بەشداربووانی بازاڕ وریا بن لە هەوڵەکانی حزبوڵا و سوپای پاسداران بۆ بەدەستهێنانی داهات لەڕێگەی قاچاخچێتی نەوت، بۆ ئەنجامدانی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان لە سەرانسەری جیهان”.