زیاتر لە بیست هاوڵاتی خەڵکی دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون، کە ناسنامەی ٧ کەسیان بە ناوەکانی مریەم چامە، ئیحسان مەلەکی، محەممەد ئەمین ئەحمەدی، عارف میرزایی، ڕوحوڵڵا ئەحمەدی، حەیدەر دارایی و ئەمین حەقمورادی ئاشکراکراون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) دەست و پێوەندەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شاری دێلوڕانی سەر بە پارێزگای ئیلام و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێراندا، مریەم چامە، ئیحسان مەلەکی، محەممەد ئەمین ئەحمەدی، عارف میرزایی، ڕوحوڵڵا ئەحمەدی، حەیدەر دارایی و ئەمین حەقمورادییان ڕفاندوون.
جیا لەو حەوت کەسە، زیاتر لە ١٣ کەسی دیکە ڕفێندراون، کە هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەکراون.
جێی باسە، تا ئێستا، هیچ زانیارییەکی دروست لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو کەسانە لە بەردەستدا نییە و، بەدواچوونی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.