هاوڵاتیەکی کورد شەهید دەکرێت و دوانیش بریندار دەکرێن

هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی بێورانی سەر بە شاری سەردەشت، بەناوی هێمن حەمزەی تەمەن ٣٠ ساڵ، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و دوو هاوڵاتی دیکەش، کە یەک لەوان خوشکی هێمنە برینداربوون.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نیوەڕۆی هەینی، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی هەنگی سنووری، بەمەبەستی زەوتکردنی کەلوپەلی کاسبکاران هێرشییان کردووەتە سەر گوندی بێورانی سەر بە سەردەشت، کە خەڵکی ئەو گوندە لەبەرامبەریان وەستاون و ئەو هێزانە دەستڕێژیان لە خەڵک کردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولەی ئەو هێزانە، کاسبکارێک بەناوی هێمن حەمزە، کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، گولە بەر سینگی کەوتووە و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندی دەرمانی شاری سەردەشت، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

کوژرانی هێمن حەمزە، تووڕەبوونی خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووە، بەشێوەیەک کە یەکێ لە ئۆتۆمبێلەکانی هێزی هەنگی سنووریان تێک شکاند و ڕێگای سەردەشتیان داخست.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر کوژرانی هێمن حەمزە، لەبەردەم فەرمانداری کۆبوونەوە، بەڵام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بڵاوەیان پێکرا و دوو هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، کە یەکێکیان ئامینە حەمزەی خوشکی هێمن بوو، لە ئێستادا بەمەبەستی چارەسەرکردن گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ئورمیە.

ڕەنگە بە دڵت بن