ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، یەکە تایبەتەکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئێستادا لە شاری خێرسۆنی باشووری وڵاتەکەیانن، ئەوەش دوای کشانەوەی هێزەکانی ڕوسیا، زیلینسکی ئەو ساتەوەختەی بە مێژوویی وێناکرد.
لە وتارێکی ڤیدیۆیدا زیلینسکی گوتی: “ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژووییە، ئێمە لە پڕۆسەی وەرگرتنەوەی خێرسۆنداین”. ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی دیکەی ئۆکرانیا لەسەر ڕێگا سەرەکییەکانی نزیک لە شارەکە جێگیرکراون، بەڵام یەکە تایبەتەکان لە ئێستاوە لە شارەکەدان.
دانیشتوانی ناوچەکە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە سەربازانی ئۆکرانیا کرد، کە ڕۆژی هەینی گەیشتنە ناوەندی شاری خێرسۆن، دوای ئەوەی ڕوسیا ناوچەکەی جێهێشت، کە لە دوای لەشکرکێشیەکەی لە مانگی دووەوە دەستی بەسەردا گرتبوو.
بەشێک لە شارەزایان دەڵێن، پاشەکشێی مۆسکۆ لە خێرسۆن، ڕەنگە ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئۆکرانیا تا لە پێگەیەکی بەهێزەوە وتووێژ بکات، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە دەڵێن ڕەنگە ڕوسیا وتووێژەکان بۆ کات کوشتن بەکاربهێنێت، تا پشوویەک بدات و هێزەکانی ڕێکبخاتەوە بۆ هێرشێکی دیکە لە وەرزی بەهاردا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز