لە درێژەی ڕفاندنی هاوڵاتییان لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، سێ کوردی دیکە بە ناوەکانی محەممەد مامی، عەباس ئەرغەندە و محەمەد کەرەمی، لە شارەکانی ئیلام و مەلەکشایی ڕفێندران.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو، محەمەد مامی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی مەلەکشایی لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.
هەروەها پاش ٤٨ کاتژمێر، واتە ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی خەزەڵوەر (٨ی نۆڤەمبەر)، عەباس ئەرغەندە و محەممەد کەرەمی، لە شارستانی مەلەکشایی ڕفێندراون.
بەپێی زانیارییەکان، عەباس ئەرغەندەی تەمەن ٢٧ ساڵ، لە شەقامی سەعدی شاری ئیلام ڕفێندراوە، هاوکات تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ئەو هاوڵاتییە ڕفێندراوانە لە بەردەستدا نین.