ئەندازیارێکی کورد تاوانی جەنگ دژی خودای بەسەردا سەپێنراوە

ئەندازیار پەرهام پەروەری خەڵکی شاری سەقز، کە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی تاران بەشێوەیەکی توندوتیژانە دەستگیرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە موحاریبە، واتە جەنگ دژی خودا تۆمەتبارکرا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەرهام پەروەری، تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی موزەفەر، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە دادسەری گرتووخانەی ئێڤین، لە دۆسیەکەیدا تۆمەتی موحاریبەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەوتەی موزەفەر پەروەری، کوڕەکەی ڕۆژی دووشەممە، ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، لە کاتێکدا لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ لە شوێنی کارەکەیەوە، کەوتۆتە ناو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان و، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ئەوەی داویانەتە بەر لێدان و کوتان و ئەشکەنجەیەکی زۆر، دەستگیریان کردووە.

پەرهام پەروەری، هەتا ئێستا لە هەموو ئەو مافانەی کە کەسێکی دەستگیرکراو بەپێی یاسا نێوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیەتی، لەوانە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی کردن لەگەڵ بنەماڵەی، بێبەش بووە و، تەنیا یەکجار ناوبراو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە، کە تۆمەتە سەپێنراوەکەی بەسەریدا پێ ڕاگەیاندوون، ناوبراو ئێستا لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیراوە.

پەرهام پەروەری سەرەڕای پیشەی ئەندازیاری لە یەکێ لە کۆمپانیاکانی شاری تاران، مامۆستای وەرزشی مەلەوانییە و لەو بوارەدا لە چەندین پاڵەوانێتی ئاست جیاوازدا توانیویەتی مەدالیا بەدەستبهێنێت.

جێی باسە، تاوانی موحاریبە، لە ڕیزی قورسترین سزاکانی ناو یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و، لە زۆربەی دۆسیەکاندا، کەسی تۆمەتبار بە موحاریبە، سزای نامرۆڤانەی وەک، لەسێدارەدان و مردنی بەسەردا دەسەپێت.

ڕەنگە بە دڵت بن