سوپای سوریا لەڕێی دەزگای ڕاگەیاندنی ساناوە بڵاویکردەوە، کە موشەکەکانی ئیسرائیل لە بنکەیەکی ئاسمانی پارێزگای حومسیان داوە، بەهۆی هێرشەکەوە دوو سەرباز کوژراون و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرچاوە سەربازییەکان دەڵێن، کە بنکە ئاسمانییەکە لەمدواییانەدا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئێرانەوە بەکارهاتووە، دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا، گرتە ڤیدیۆیەکی کورتی بڵاوکردەوە و دەڵێ، زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەداوە.
سەرچاوەیەکی سەربازیی کە ڕێگە پێدراو نیە لێدوان بدات، وتی هێرشە ئاسمانییەکان ڕێڕەوی فڕۆکەکانی کردۆتە ئامانج لە بنکەیەکی ئاسمانی، کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری حومسەوە.
کاتێک سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکە پرسیاری لێکرا، وتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل وتی، لێدوان لەسەر ڕاپۆرتە بیانییەکان نادات.