چوار کەنج شەهید دەکرێن

چوار گەنجی کورد دەکوژرێن

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردووەتە سەر ڕاپەڕینی خەڵکی شاری بۆکان و، لە ئاکامدا چوار هاوڵاتی بە ناوەکانی سالار موجاور، ئەسعەد ڕەحیمی، محەمەد حوسێنزادە و سامان قادربەیگی، شەهیدکران .

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سالار موجاور و ئەسعەد ڕەحیمی کە هەردووکیان تەمەنیان ٣٠ ساڵ بووە، لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و ئێران و لە درێژەی خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی شاری بۆکاندا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی حکومەت شەهیدکران .

هەروەها، محەمەد حوسێنزادەی تەمەن ٢٨ ساڵ، لە باغی قازی شاری بۆکان و لە کاتێکدا ویستبووی کچێکی ڕفێندراو لە چنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت ڕزگار بکات، هێزە دڕندەکانی حکومەت بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەری و، چەند چەقۆیەکیان لە سینگ و سەر دڵی داوە و، شەهید کرا .

بە وتەی سەرچاوەکان، هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی حکومەت لە شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی شەڕ خەڵکی ڕاپەڕیو دەکەنە ئامانج.

لەلایەکی ترەوە سامان قادربەیگی، لە درێژەی ڕاپەڕینی خەڵکدا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەر، لە گەڕەکی میرزایی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان شەهید کرا .

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، تەرمی سامان قادربەیگی، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندراوە و بۆ شاری ئورمیە گوازراوەتەوە و، بنەماڵەکەشی لەژێر گوشاری هێزەکانی حکومەتدان، تا هۆکاری گیان ‌لەدەستدانی بە خۆکوشتن لە قەڵەم بدەن و، بڵاوی بکەنەوە.

سامان قادربەیگی، خێزاندار و باوکی ٢ منداڵە.

بەپێی زانیارییەکان، سامان قادربەیگی و محەممەد حوسێنزادە، پێشتریش لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کرابوون.

ڕەنگە بە دڵت بن