لەژێر ئەشکەنجەدا گەنجێکی کورد شەهید دەکرێت

ئومێد حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سنە، لەدوای تێپەڕینی چەند کاتژمێر لە دەستگیرکرانی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هاوڵاتییەکی خەڵکی سنە، بەناوی ئومێد حەسەنی تەمەن ٢٢ ساڵ، دوای دەستگیرکرانی، بەهۆی ئەشکەنجەی زۆر و لەڕادەبەدەری هێزەکانی سوپای پاسداران شەهید کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتێ تەرمی ئومێد حەسەنی لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گوازراوەتەوە، بەڵام لە کاتی گەیشتنی بەو نەخۆشخانەیە هیچ نیشانەیەکی ژیانی نەبووە.

دوای چەند کاتژمێرێک، هێزەکانی سوپای پاسداران، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکەی، تەرمی حەسەنی دەڕفێنن. ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران ئیزنیان بە کارمەندانی نەخۆشخانە نەداوە، کە وێنەی تەرمی ئومێد حەسەنی بگرن، چونکە ئاسەواری لێدان و کوتانی سەخت لەسەر مل و سەری دەبینرا.

جێی باسە، تەرمی ئومێد حەسەنی شەوی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەر و تەنیا بە ئامادەبوونی دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی شاری سنە بە خاک سپێردراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن