بەگوێرەی ڕەشنووسی بەڵگەنامەیەکی نهێنی، کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پلانی هەیە، یاساکان بۆ ئەو کۆمپانیایانە توندتر بکاتەوە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتیان بە وڵاتی چین بەستووە.
ڕێوشوێنە پێشنیار کراوەکە بەشێکە لە ستراتیژییەکی نوێ بەرامبەر چین، کە لەلایەن ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵتزەوە داڕێژراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەڵمانیا هەوڵی ئەوە دەدا پشتبەستنی بە چین کەم بکاتەوە.
لە ڕەشنووسەکەدا هاتووە: “ئامانجەکە گۆڕینی پێکهاتەی پاڵنەری ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیانەیە، کە هۆکاری ئابووری بازاڕییان هەیە، تا کەمکردنەوەی پەیوەستبوونیان بە هەناردەکردنەوە سەرنجڕاکێشتر بێت”، بەڵام لە ڕەشنووسەکەدا ئاماژە بەوە دراوە ڕێوشوێنە نوێیەکە، کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئوتۆمبێل و ماددە کیمیاییەکان ناگرێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات.
ڕەشنووسەکە کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاوە داڕێژراوە و، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک ڕابەرایەتی دەکات، هێشتا دەبێت لەلایەن وەزیرەکانی دیکەوە پەسەند بکرێت، پێشبینی دەکرێت دوایین بڕیار لەسەر ستراتیژی نوێی ئەڵمانیا بەرامبەر چین، لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا دەربچێت.
پەیوەندییەکی ئابووری قووڵ، چین و ئەڵمانیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی خێرای چین و خواستەکان لەسەر ئوتۆمبێلی دروستکراوی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2016 دا چین بووە یەکەمین گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەڵمانیا.
بەڵام لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕوسیاوە بۆ سەر ئۆکرانیا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کەوتوونەتە ژێر چاودێرییەکی وردەوە، هەر بەهۆی ئەو داگیرکارییەوە، پەیوەندییەکانی وزەی نێوان ڕوسیا و ئەڵمانیا کۆتایی هات، کە بۆ ماوەی بیست ساڵ بەردەوام بوو، ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانیش دەستبەرداری بازرگانییە ناوخۆییەکانیان بوون.
لە ڕەشنووسەکەدا ئەوەش هاتووە: “نابێت دووبارە ئەم هەڵەیە بکەینەوە، ئەمە بەرپرسیارێتی سیاسییەکان و کۆمپانیاکانە”.