دوێنێ شەو چەندین هاوڵاتی شەهیدکران

لە ڕەوتی بەرخۆدان و بەرگری شارەکانی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو نزیکەی ٦ هاوڵاتی کورد بە ناوەکانی، عیرفان کاکایی، بەهائەدین وەیسی، جەلال قوربانی، کاروان قادر شوکری، تاهیر عەزیزی و موحسین نیازی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران شەهیدکراون.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئێران، خەڵکی ڕاپەڕیوی شاری جوانڕۆیان داوەتە بەر دەستڕێژ و، لە ئەنجامدا نزیکەی شەش هاوڵاتی کورد، بە ناوەکانی بەهائەدین وەیستی تەمەن ١٦ ساڵ و، عیرفان کاکایی تەمەن ٤٥ ساڵ و مامۆستای وەرزش لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی جوانڕۆ شەهیدکراون.

بەوتەی سەرچاوەکان، نەجمەدین وەیسی برای بەهائەدین وەیسی بە سەختی بریندارە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە ڕفێندراوە، هەروەها عیرفان کاکایی لەکاتی گەڕانەوەی لە مزگەوت کەوتووەتە بەر تەقەی هێزەکان و گولە بەر سەر و سینگی کەوتووە.

هەر لەو ڕاستایەدا لە شاری پیرانشار، هێزەکان خەڵکیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولە و، لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی کاروان قادر شوکری تەمەن ١٦ ساڵ و، تاهیر عەزیزی تەمەن ٣٠ ساڵ شەهیدکران.

هەروەها، لە کاتی گواستنەوەی تەرمی کاروان قادر شوکری بۆ مزگەوتی شیناوێ، هێزەکان تەقەیان لە خەڵکی کرد و کەسێک بەناوی جەلال قوربانی شەهیدکرا.

موحسین نیازی تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی دێولان، کە ڕۆژی ڕابردوو لە بەرخۆدان و بەرگری خەڵکی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بەسەختی بریندارکرابوو، شەوی ڕابردوو بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی لەدەستدا.

ڕەنگە بە دڵت بن