سەعدی شاهڕۆخیفەر، خەڵکی شاری بۆکان، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی رژێمی ئێران شەهیدکرا، لەلایەن ئەو هێزانەوە تەرمەکەی ڕفێندراوە و بۆ ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی، داوای دوو ملیار تمەن دەکەن.
بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەر لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سەعدی شاهڕۆخیفەر، تەمەن ٣۵ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان، لەکاتێکدا شتومەکی ڕۆژانەی کڕیبوو و بەرەو ماڵی خۆی دەڕۆیشتەوە، هێزە سەرکوتکەرەکان تەقەیان لێکردووە و شەهیدکراوە و، دەستبەجێ تەرمەکەیان ڕفاندووە.
ناوەندەکانی حکومەت دوای پێنج ڕۆژ لە ڕفاندنی تەرمی ئەو هاوڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە، کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان، دەبێت دوو ملیار تمەن بارمتە دابین بکەن و، بەڵێن بدەن کە بە شێوەیەکی نهێنییش ئەسپەردەکەی بکەن.