ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، کە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا لە دژی چەکدارانی کوردی رۆژئاوا، تەنیا سەرەتان و، وڵاتەکەی لەکاتی گونجاودا هێرشێکی زەمینی دەکاتە سەریان.
ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ جێگرەکانی ئاکەپە لە پەرلەمان ڕایگەیاند، کە تورکیا لە هەموو کاتێک زیاتر سوورە بۆ پاراستنی سنوورەکانی باشووری خۆی،ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی خاکی سوریا و هەروەها عێراق مسۆگەر دەکەین.
وتەبێژی کورد بە ئەی ئێف پی ڕاگەیاند، هاوکات لەگەڵ قسەکانی ئەردۆغان، سوپای تورک بارەگایەکی قەسەدەی کردە ئامانج.
فەرهاد شامی، وتەبێژی قەسەدە ڕایگەیاند، تۆپبارانەکانی سوپای تورک بۆ سەر بارەگایەکیان لە تەل تەمری سەر بە پارێزگای حەسەکە، بەهۆیەوە ئەندامێکی قەسەدە کوژراوە و سێی دیکەش برینداربوون.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هێزە ئاسمانی و تۆپخانەکانی تورکیا، نزیکەی 500 ئامانجی شەڕڤانانی کوردیان لە باکووری عێراق و سوریا بۆردومان کردووە، ئەوەش وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی چنگی شمشێر دێت.