منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بە ناوی کاران فیرووزی و، ١٠ هاوڵاتی دیکە بە ناوەکانی، باپیر بەرزە، سەلام نیکمەنش، وەهاب محەممەد پوور، سەنعان ئەبوبەکر لاجانی، زانا چەم، هاوا محەمەدی، سەلاح محەمەدی، مستەفا غەنی پوور، یونس ئاڵی و، ئەرسەلان ڕووکە، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شاری پیرانشار ڕفێندراون و، هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی خدر محەمەدی، چالاکوانی مەدەنی ئەو شارە، دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، کاران فیرووزی، تەمەن ١٤ ساڵ و هەروەها باپیر بەرزە، سەلام نیکمەنیش، وەهاب محەمەد پوور و، سەنعان ئەبوبەکر لاجانی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری پیرانشار ڕفێندراون.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢ی سەرماوەز (٢٣ی نۆڤەمبەر)، زانا چەم، هاوار محەمەدی و سەلاح محەمەدی، لە شاری پیرانشار ڕفێندراون.
هەر لەو ڕۆژەدا مستەفا غەنی پوور، دانیشتووی کۆنەخانێی پیرانشار ڕفێندراوە.
لە درێژەی ڕەوتی ڕفاندنی هاوڵاتییاندا، خدر محەمەدی، چالاکوانی مەدەنی خەڵکی شاری پیرانشار و باوکی هاوار محەمەدی، بە بیانووی سەردان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەی، بانگهێشتی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و، هەر لەوێ دەستبەجێ دەستبەسەریان کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەز (٤ی نۆڤەمبەر)، یونس ئاڵی، خەڵکی گوندی “قەڵاتەڕەش” و ئەرسەلان ڕووکە خەڵکی گوندی “شیناوێ”، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراون.
جێی باسە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ئەو هاوڵاتییانە و شوێنی مانەوە و ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.