ئەڵمانیا هێزەکانی دەکشێنێتەوە

ئەڵمانیا کار بۆ کشانەوەی سەربازەکانی لە مالی دەکات، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ئەو وڵاتە بە دەست چەندین قەیران وئاڵۆزی نێوخۆییەوە دەناڵێنێت.

ئەڵمانیا بڕیاری داوە تا مانگی ئایاری 2024، سەربازەکانی لە مالی بکشێنێتەوە، کە 10 ساڵە سەربازە ئەڵمانییەکان لە ئەرکی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مالی ئەرکیان بینیوە.

کریستین لامبرێچ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، دەڵێ، بەشداریکردنی هێزەکانیان لە ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان تا مانگی ئایاری 2024 کۆتایی دێت، ئەوەش بەگوێرەی پلانێکی ئامادەکراو.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دی دەبلیوی ئەڵمانی، فۆسینۆ وواتارا جێگری سەرۆکی لیژنەی بەرگری و ئاسایش و بەرگری شارستانی ڕایگەیاند، کە بڕیارەکەی ئەڵمانیا لەوە بەهێزترە کە ئێمە پێشبینیمان دەکرد.

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو جونتایە پێشبینی دەکرد کە ئەڵمانیا بە کوێرانە بەدوای ڕێبەرایەتی فەرەنسادا بکەوێت سەبارەت بە کشانەوەی لە مالی، بەو پێیەی کە فەڕەنسا لە مانگی ئابدا سەربازەکانی لەو وڵاتە کشاندەوە.

هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەڵمانیا یەکێ بووە لە هاوبەشە گرینگەکانی وڵاتەکەی، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی مالی دژی فراوانبوونی هەمیشەیی بوونی سەربازی بیانین لەسەر خاکەکەیان.

واتارە لە زاری سادیۆ کامارا وەزیری بەرگری گوتبووی، کە سوپای نەتەوەیی مالی توانای بەرگریکردنی وڵاتەکەی هەیە.

کشانەوەی هێزەکان سوود بە جیهادییەکان دەگەیەنێت

کامارا وتی کە جونتا پلانی داناوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ 26000 سەرباز دابمەزرێنێت، بەڵام چەند ساڵێ دەخایەنێت بۆ ڕاهێنان و بڵاوەپێکردنی سەربازەکان لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا.

ئەو گوتی ئەرکی دۆزینەوەی وڵاتان بۆ جێگرتنەوەی ئەو سەربازانەی کە بڕیاری کشانەوەیان لە مالی داوە، ئەستەم دەبێت، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی قەیرانی متمانە لە نێوان حکومەتی مالی و، ئەرکی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالی ناسراو بە مینۆسما.

کامارا هۆشداریشی دا کە ئەو بۆشاییەی کە بە کشانەوەی هێزە بیانییەکان دروست بووە، بە سوودی گرووپە جیهادییە تیرۆریستەکان دەشکێتەوە.

بڵاوبوونەوەی سەربازانی ئەڵمانیا لە مالی، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانوونی دووەمی 2013 کە حکومەتی مالی داوا لە فەرەنسا و، نەتەوە یەکگرتووەکان کرد بۆ یارمەتیدانیان لە دەرکردنی کوشتاری گرووپە توندڕەوەکان.

لەوەڵامی ئەم داواکارییەدا فەرەنسا هێزی سەربازی ناردە مالی و، چەند وڵاتێک بەشداریان کرد، لەوانە ئەڵمانیا کە حکومەتەکە بەهاوکاری هێزە نێودەوڵەتییەکان توانی چەکدارە تیرۆریستە ئیسلامییەکان و یاخیبووەکان بەرەو باکووری ئەو وڵاتە راوبنێنەوە.

جێی ئاماژەپێکردنە مالی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دوو کودەتای سەربازی بەخۆیەوە بینیوەوە، یەکەمیان لەمانگی ئابی 2020 بوو، کاتێ سوپا ئیبراهیم بۆوباکار کیتا فێما، سەرۆککۆماریان هەڵوەشاندەوە و، دووەم کودەتاش لەمانگی ئایاری ساڵی پاردا ڕوویدا.

سەرکردە نوێیەکانی ئەو وڵاتە بڕیاریان دا هەڵبژاردنەکان دوابخەن و، یەکێتی ئەوروپاش هانیدا کە کۆتایی بەئەرکی ڕاهێنانی خۆی بهێنێت لە مالی، ئەوەش بەهۆی نائارامی ئەمنی و جموجۆڵەکانی توندڕەوە ئیسلامییەکانی ئەو وڵاتەوە.

ڕەنگە بە دڵت بن