پۆلیسی سربیا نزیکەی 600 کۆچبەری لە نێوان سنووری خۆی لەگەڵ هەنگاریا وەستاندووە، ئەوەش لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە سنووری شارۆچکەی هۆرگۆش، ئەمە لە کاتێکدایە کە سربیا بە دوای توندکردنەوەی ڕێککارەکانی کۆچ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیدایە، بەتایبەتی لەگەڵ هەنگاریا.
دەستەڵاتدارانی سربیا ڕایانگەیاند، کە پۆلیس نزیکەی 600 کۆچبەری نزیک سنوورەکەی لەگەڵ هەنگاریا راگرتووە، هاوکات پۆلیسی سنوور دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تەقەکردنی کۆچبەران لە یەکتر و کوژرانی کۆچبەرێکی تەمەن 20 ساڵ و برینداربوونی 5ی دیکە، لەسەر سنوورەکە کۆبوونەوە.
براتیسلاڤ جاسیچ وەزیری ناوخۆی سربیا گوتی، ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس لەکۆتاییدا نزیکەی 600 کۆچبەری لە ناوچەکە ئاشکراکردووە، کە هەندێکیان چەکدارن و دەستیان لە کوشتندا هەبووە.
ناوچەی سنووری لەگەڵ هەنگاریا، لەم چەند مانگەی دواییدا ڕووداوی هاوشێوەی بینیوە، لە مانگی تەموزدا پێکدادانێکی چەکداری نێوان کۆچبەران لە ناوچەیەکی دارستانی نزیک سنووری شارۆچکەی سوبۆتیکا ڕوویدا و، بەهۆیەوە کچە کۆچبەرێکی تەمەن 16 ساڵ کوژرا و شەش کۆچبەری دیکەش برینداربوون.
ڕێگای بالکان
ڕێگای بالکان جارێکی دیکە بووە جێی پێدارۆشتن و گەیشتنی کۆچبەرانی زیاتر بەرەو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، ئاژانسی سنووری ئەوروپا فرانتێکس، لە مانگی ئەیلولدا ڕایگەیاند، کە ڕێگای ڕۆژئاوای بالکان لەڕێگەی تورکیا و بولگاریا و مەقدۆنیای باکوور و، سربیاوە بە ڕێگای سەرەکی کۆچکردن بۆ یەکێتی ئەوروپا ماوەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا هاتووە، ئاژانسەکە دووپاتی کردەوە، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا چوونەتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، 275 هەزار کۆچبەری تێپەڕاندووە.
فرانتێکس لە لێدوانەکەیدا گوتی، کە ئەو ژمارەیە 73٪ زیاترە لەوەی کە لە هەمان ماوەدا لە ساڵی 2021 تۆمار کراوە.
کۆچبەران زۆر جار لە تورکیاوە دەپەڕنەوە بۆ بولگاریا، یا یۆنان، پاشان باکوور لە ڕێگەی مەقدۆنیای باکوور و سربیاوە و لەوێشەوە بۆ ئەوروپای رۆژئاوا.
سربیا هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ هەنگاریا و نەمسا ڕازی بوو بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە سنورە هاوبەشەکانیان و ڕێکخستنی ڕێکاری ڤیزا لەگەڵ سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی ڕێڕەوی کۆچبەران بە درێژایی ڕێگای ڕۆژئاوای بالکان دروست بکەن.