سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار بەئاسایشی هاوتا لەجامی جیهانی، لەلێدوانێکیدا بۆ سی ئێن ئێن ئاشکرای کرد، کە کەسوکاری یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران، هەڕەشەی زیندانیکردن و ئەشکەنجەیان لێکراوە، ئەگەر یاریزانەکان بەدروستی هەڵسوکەوت نەکەن.
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران، لە یەکەم یاریدا لە مۆندیالی 2022ی قەتەر بەرامبەر بە ئینگلتەرا، وەک هاوخەمییەک بۆ خۆپیشاندەرانی وڵاتەکەیان، کە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو و لە دوای شەهیدکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی بە ناو رەوشت، سروودی نیشتیمانیان نەوتەوە.
سەرچاوەکە گوتی یاریزانەکان بانگکراون بۆ بینینی ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران، پاش ئەوەی ڕەتیان کردەوە سروودەکە لە یاری کردنەوەی بەرامبەر بە ئینگلتەرا بڵێنەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، کە یاریزانەکان پێیان گوتراوە کە خێزانەکانیان ڕووبەڕووی توندوتیژی و ئەشکەنجە دەبنەوە، ئەگەر سروودەکە نەڵێنەوە، یا بچنە پاڵ هەر خۆپیشاندانێکی سیاسی دژ بە ڕژێمی دەستەڵاتداری ئێران.
سەرچاوەکە ئەوەشی وت کە پێش یارییەکەی ئینگلتەرا بەڵێن بە یاریزانەکان دراوە بە دیاری و ئوتۆمبێل، ئەو سەرچاوەیە بانگەشەی ئەوەی کرد کە دوای ئەوەی تیمەکە ڕەتیان کردەوە سروودەکە بڵێن، هەڕەشە لە یاریزانەکان و خێزانەکانیان دەکرێت.
یاریزانانی ئێران لەبەردەم دووەم یاریدا بەرامبەر وێڵز سروودی نیشتمانیان گوت، وا بڕیارە هەڵبژاردەی ئێران سێ شەممە سێیەمین یاری خۆی لەجامی جیهانی قەتەر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمەریکا ئەنجام بدات.