سێ توندڕەو دەکوژرێن

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاند، لە پێکدادانێکدا سێ فەلەستینی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

بەگوێرەی هەواڵی هەواڵگەی فەلەستینی وەفا، ئەمڕۆ وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، کە دوو برا بە ناوەکانی جەواد و زەفەر عەبدولڕەحمان عەبدولجەواد ڕیماوی تەمەن 22 ساڵ و 21 ساڵ، لە ئەنجامی بەرکەوتنی گولە بەر حەوز و سینگیان کوژراون.

پێشتر دەستەڵاتی تەندروستی فەلەستین ڕایگەیاندبوو، کە موفتی محەمەد مەحمود خەلیلی 44 ساڵ، بەهۆی ئەو برینە سەختەی کە هێزەکانی ئیسرائیلی لە شارەدێی بەیت ئومماری باکووری حەبرۆن لێیاندابوو، گیانی لەدەستداوە.

ماوەیەکە لە شارۆچکەکە پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییە توندڕەوەکان روویداوە، کە تێیدا 12 فەلەستینی کوژراون و برینداربوون.

وەزارەتی تەندروستی ڕوونیکردەوە، کە لەنێو بریندارەکاندا نۆ کەس بوون بە تەقەی راستەوخۆ پێکراون و، یەکێکیان برینەکەی سەختە.

سوپای ئیسرائیل ئەمەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام گوتی سەربازەکانیان لە شەودا کاتێ بە دوو ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە دەرەوەی شارۆچکەی بەیت ئوممار لە نزیک شاری حێبرۆن وەستاون، هێرشکراوەتە سەریان، ئەوەشیان خستۆتەڕوو، کە تیرۆریستەکان بۆمبیان هەڵداوە و، تەقەیان لەو سەربازانە کردووە، بۆیە ڕاستەوخۆ وەڵامیان دراوەتەوە.

جێی باسە، لە مانگی ئازاردا توندڕەوە فەلەستینیەکان چەندین هێرشی سەرشەقامیان لە شارەکاندا دژ بە ئیسرائیلییە مەدەنییەکانیش ئەنجام داوە، بۆیە دواتر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر هیرشیان دەکرێتە سەر و، بەو هۆیەشەوە لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە 100 فەلەستینییان کوشتووە.

ڕەنگە بە دڵت بن