بەریتانیا: چەندین پەنابەر توشی نەخۆشییەکی کوشندە بوون

ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە دوای ئەوەی ئاشکرابوو، کە لەنێو ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە ئەو وڵاتە توشبوونیان بە نەخۆشی دیفتریا زیادیان کردووە و، زیاتر لە 50 حاڵەتیش پێشتر دەستنیشان کراون، وەزارەتی ناوخۆ لەو بڕوایەدایە کە ئەو کۆچبەرەی لە سەنتەری مانستۆن دەژیا و مرد، لەوانەیە توشی ئەو نەخۆشییە بووبێت.

بی بی سی ڕایگەیاند، کە ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا، لە سەرەتای ساڵەوە زیاتر لە 50 حاڵەتی لەنێوان کۆچبەرانی توشبووی ئەو نەخۆشییە تۆمار کردووە. کامپی مانستۆن، لە باشووری وڵاتەکە، بەهۆی ئەم زیادبوونەی هەوکردنەوە کاریگەری هەبوو.

وەزارەتی ناوخۆ بەم دواییانە گوتی ئەو کۆچبەرەی کە لە 19ی تشرینی دووەم لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و لە کامپی مانستۆن دەمایەوە، بەهۆی دیفتریا کۆچی دوایی کردووە.

ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا گوتی، بوونی 50 هەوکردنەکەی دیکە لە کامپی مانستۆن پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام مەترسی هەوکردنەکە لەنێوان قەرەباڵغی زۆردا زۆر زیادی کردووە.

وەزارەتی تەندروستی فەرەنسا ڕوونی کردەوە: بەکتریای دیفتریا ڕاستەوخۆ لەڕێگەی دەستلێدان و برینی پێستەوە دەگوازرێنەوە.

بەردەستبوونی کوتان لە ئەوروپا

بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی بەریتانیا، لەوانەیە نەخۆشە کۆچبەرەکان لە وڵاتی خۆیان، یا لەکاتی گەشتەکەیان بۆ تاراوگە تووشی نەخۆشییەکە بووبن، بەڵام قەرەباڵغی لە کامپی مانستۆن پێش چۆڵکردنی، لەوانەیە بووبێتە هۆی هەوکردنی خێراتر.

دیفتریا لە بەریتانیا وەک زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا دەگمەنە، چونکە زۆربەی دانیشتوان لە سەرەتای منداڵیدا دژی ئەو نەخۆشییە کوتێندراون و، دەتوانرێت بە ئەنتی بایۆتیک چارەسەر بکرێن، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێ بکوژ بێت، جدیترین شێوەی ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی نەخۆشی ئەنگینا پێکتۆریس، کە بەهۆی زیان گەیاندن بە دڵ، یا سیستەمی دەمارەوە ئاڵۆز دەبێت و، دەبێتە هۆی مردن.

لەبەر ئەوە ئاژانسی ئاسایشی تەندروستی بەریتانیا پێشنیاری ئەوە دەکات کە کۆچبەران بە زووترین کات، کە دەگەنە بەریتانیا، لە دژی دیفتریا بکوترێن.

لە 22ی نۆڤەمبەردا، حکومەتی بەریتانیا چۆڵکردنی کامپی مانستۆنی ڕاگەیاند، دوای چەند هەفتەیەک لە مشتومڕ لەسەر دۆخی ژیانی کۆچبەران لەوێ، بەڵام دەسەڵاتدارانی تەندروستی بەریتانیا، ئێستا دەترسن ئەوانەی تووش بوون، نەخۆشییەکە بڵاوبکەنەوە بۆ کامپەکانی دیکە.

ڕەنگە بە دڵت بن