ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی داوای لە نەرویج کرد کونسەڵگەری لە هەولێر بکاتەوە

لە بانگهێشتێکی فەرمیدا، ناوەندی ڕەوندی کوردستانی-نەرویج، سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەیان کرد.

دکتۆر نورەدین خۆشناو بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-نەرویج و، مەسعوود ناسری بەرپرسی پەیوەندییەکانی ناوەند، لەو بانگهێشتە فەرمییەی پەرلەمانی نەرویج، چاویان بە خاتوو شیشتی بەرگستۆ بەرپرسی کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمانی نەرویج کەوت و، پاش کۆبوونەوەکەش، نیوەڕۆخوانێکیان بۆ سازکرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر نورەدین سوپاسی خاتوو شیشتی و هەڤاڵانی بۆ ئەو دەرفەتە کرد و، هیواشی خواست ئەم کۆبوونەوەانە درێژەی هەبێت، بۆ ئەوەی بتواندرێ لە نزیکەوە بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ بکرێ، ئەوەش بۆ ڕەزامەندی وڵاتی نەرویج و ڕەوندی کوردستانی لەو وڵاتە، هاوکات دروستکردنی پردێک لە نێوان نەرویج و کوردستانی دایک.

خاتوو شیشتی زۆر بە گەرمی پێشوازی لە شاندی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی کرد و، بە وردی گوێی بۆ قسەکانیان گرت، وە داواشی کرد لە نزیکەوە کۆبوونەوەکان بکەن و، لە داهاتوودا لەگەڵ لیژنەکانی دیکەی پەرلەماندا دانیشتن پێکبهێنن.

دواتر لەسەر ئەو پێشهاتانەی کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان روودەدا، مەسعوود ناسری بە وردی باسی پێشهاتەکان و چالاکییەکانی خەڵک و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لەلایەن ڕژێمی زاڵ بەسەر ئێراندا باس کرد و، ئەوانیش زۆر بەگرینگیان وێنا کردم هەر لەم پەیوەندییەدا، پرسیار و وەڵام ئاڵوگۆڕ کران، کە چۆن بتواندرێت پێش بەم کارە دژە مرۆڤیانەی ڕژیمی ئێران بگیردرێت.

هەروەها لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا چەند خاڵێکی گرینگی دیکە هاتە ئاماژەپێدان، کە بریتن لە:

داواکرا نەرویج لە هەولێر کونسوڵگەری بکاتەوە، لەم پەیوندییەدا بۆ پەرلەمانی نەرویج ڕوونکرایەوە، لەبەرئەوەی کە ڕەوەندی کوردستانی زۆرن لە نەرویج، بۆیە کەسوکاری ئەمان بۆ کاری کونسوڵگەری دەبێ بڕۆنە ئوردون، یا بڕۆنە ئێران، کە ئەوەش هەروا ئاسان نییە.

هەروەها باسیش لەسەر کاراکردنی بازرگانی نێوان کوردستان و نەرویج کرا، لە هەمانکاتیشدا کردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە نەرویج تەوەرێکی دیکەی باسەکان بوو .

لە خاڵێکی دیکەشدا، داوا کرا وەک چۆن ئەڵمانیا پرسی پێشێلکاری مافی مرۆڤی ئێران و کوشتن و زیندانی کردنی چالاکوانانی خەڵکی کورد و ئێرانی، لە پەرلەمانی ئەوروپا وەووژێندراوە و پشتگیری دەکات، نەرویجیش کە ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، ئەم پرسە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بورووژێنێ و پشتگیری بکات.

جێی باسە، لە کۆتایشدا هەردوولا جەختیان لەسەر پتەوترکردنی پەوەندییەکانیان کردەوە و، سەردانەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات.

ڕەنگە بە دڵت بن