یاسادانەرانی ئیسپانیا فشارەکانیان لەسەر وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ڕوونی بکەنەوە، کە چی ڕوویدا لەکاتی بەزاندنی بەکۆمەڵی کۆچبەران لە مەغریبەوە بۆ ناوچەی میلیلا و، هەندێک داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن.
وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا، ڕۆژی چوارشەممە (30ی کانوونی یەکەمی 2022) بۆ یاسادانەرەکان دووپاتی کردەوە، کە “هیچ مردنێک” لە سنووری ئیسپانیا لەگەڵ مەغریب نەبووە کاتێ بەلایەنی کەمەوە 23 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، کە هەوڵیاندا بپەڕنەوە بۆ ئیسپانیا.
فێرناندۆ گراند-مارلاسکا بە ئاوازێکی هێرشبەرانە گوتی: من پێشتر وتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە باس لە ڕووداوە تراژیدییەکان دەکەین کە لە دەرەوەی وڵاتەکەمان ڕوویانداوە و لەخاکی ئێمەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، ئۆپۆزسیۆن درۆ دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، کە هەرگیز نەدەبوو ئەم تراژیدیایە ڕووبدات، بەڵام بەهۆی هەوڵێکی توند و تیژەوە بۆ چوونە ناو وڵاتەکەمان روویدا، وتیشی: “دەتوانم هاوسۆزی بکەم بەهۆی ئەو هۆکارانەی کە هانی ئەو خەڵکەی داوە کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا، وەک شەڕ، بەڵام ئەوە پاساوی هێرشێکی توند و تیژی بۆ سەر سنوورەکانی وڵات ناهێنێت”.
دووەم دەرکەوتنی وەزیری ناوخۆ ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەیەک هات، کە لەلایەن چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی ئەوروپی و لەوانە ڕۆژنامەی ئێل پایسی ئیسپانی، کە ئاماژە بەوە دەکات، لانی کەم کۆچبەرێک لە سنووری ژێر کۆنترۆڵی ئیسپانیادا کوژراوە.
لێکۆڵینەوەیەک کە ڕۆژی سێشەممە بڵاو کراوەتەوە، وێنەی کۆچبەرێکی بڵاوکردۆتەوە، کە لەسەر خاکی ئیسپانیای کەوتووە و مردووە.
لەسەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا، بی بی سی بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە توندوتیژییەکانی هێزە ئەمنییەکانی مەغریب کرد و، پرسیار لە کردەوەکانی پاسەوانی مەدەنی ئیسپانیاش کرد، لەوانە ڤیدیۆیەک کە بەلایەنی کەم کوژراوێکیش دەرکەوتووە، ئەو تۆڕە بەریتانییە لەوکاتەدا ڕایگەیاندبوو، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئیسپانیاوە پشتڕاست کراوەتەوە، کە ئەو ناوچەی کۆچبەرەکەی لێ کوژراوە، لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، لە بەرانبەردا وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا ئەو زانیاریانەی بە “بانگەشەی بێ بنەما ناوبرد و ئیدانەی کرد.
لەوەتەی تراژیدیای میلیلا ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو و هەندێک لە هاوپەیمانە ئاساییەکانی حکومەتی سۆسیالیستی پێدرۆ سۆنچێز، داوایان لە مارلەسکا کردووە دەست لەکار بکێشێتەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ئەنا ڤازکویز، یاسادانەری پارتی گەلی ڕاستڕەو، کە بە ترسنۆک ناوی دەبات، وتی: “هەر لە سەرەتاوە هەوڵت دا بە مانۆڕە بەدکارانەکەت ڕاستیمان لێ بشاریتەوە، بەڵام ئێستا دەزانین کە بەلایەنی کەمەوە کۆچبەرێک لە خاکی ئیسپانیادا گیانی لەدەستداوە”.
ماریا کارڤالۆ ئەندامی پارتی سەربەخۆیی کەتەلۆن گوتی: بەڕێز مارلەسکا تۆ هێشتا وەزیریت، چونکە مردووەکان ڕەش و هەژارن، ئەگەر سپی بوون!
لە 24ی حوزەیراندا، نزیکەی 2000 کۆچبەری نایاسایی کە زۆربەیان خەڵکی سوودان بوون، هەوڵیان دا بە زۆر بچنە ناو ناوچەی میلیلای ئیسپانی لە خاکی مەغریب.
ئەو هێرشەی کە پێشتر بە شەڕ و پێکدادانی توندوتیژی نێوان کۆچبەران و هێزەکانی مەغریب لە کامپەکانی کۆچبەرانی دەوروبەری نادۆر کرابوو، بووە هۆی کوژرانی 23 کۆچبەر، بە وتەی دەستەڵاتدارانی مەغریب، لە کاتێکدا کۆمەڵەی مەغریب بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە 27 کۆچبەر کوژراون.
کوشندەترین تراژیدیا لە ماوەی یەکێ لە هەوڵەکان بۆ گەیشتنی کۆچبەران بە میلیلا و دراوسێکانی ئیسپانیا لە سیوتا، ڕەخنەی قورسی لە گرووپەکانی مافی مرۆڤ و هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئەفریقا لێکەوتەوە.