بە تەقەی پاسەوانێکی سنوور کۆچبەرێک بریندار دەکرێت

کۆچبەرە سورییەکان دەڵێن لەنێوان سنووری تورکیا و بولگاریا تەقەیان لێ دەکرێت، دەستەڵاتدارانی بولگاریاش ئەوە ڕەت دەکەنەوە.

ڕێکخراوێکی ناحکومی پەیوەندیدار بە چاودێری پێشێلکارییەکانی دژ بە کۆچبەران لە سنووری وڵاتەکان، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم و، بەڵگەی برینداربوونی کۆچبەرێکی سوریا نیشان دەدا، کە بە فیشەک لەنێوان سنووری تورکیا و بولگاریا روویداوە، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە پاسەوانەکانی سنووری بولگاریا تەقەیان لە کۆچبەرەکان کردووە، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بولگاریاش ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە.

پێرێ گرووپێک لە کۆچبەران، هەوڵیاندا سنوورەکە لە تورکیاوە بەرەو بولگاریا بپەڕنەوە، بەو هیوایەی بەردەوام بن و بگەنە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا.

لەو خاڵەدا پۆلیسی سنووری بولگاریا ئامادەبوون و ڕێگرییان لە پەڕینەوەی ئەو گرووپە کرد، بەوەش لە سنوورەکە وردە وردە کێشە لەنێوان کۆچبەران و پۆلیسەکاندا پەرەی سەند و، بە بیستنی دەنگی تەقە کۆتایی هات و، کۆچبەرێک بریندار بوو.

ڕاپۆرتی لایتهاوس بەشێوەیەکی بەرفراوان بەدوای کێشەکەدا هات، پێرێ لە 5ی کانوونی یەکەم، ڤیدیۆیەک لە سەر ئەکاونتی تویتەرەکەی، ئەم ڕووداوەی لەژێر ناونیشانی “ئەو دیمەنانەی کە بۆ یەکەمجارە تەقە لە پەنابەرێک دەکرێت لە سنووری یەکێتی ئەوروپا” بڵاوکردەوە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەنگی تەقە دەبیسترێت و کامێرامانەکە هاواری “بریندار، بریندار” دەکات، کاتێ گەنجێک دەکەوێتە سەر زەوی، کامێراکە نیشانی دەدا، پێدەچێت ئەو گەنجە بەشی چەپی جەستەی پێکرابێت، لە کاتێکدا کۆچبەرانی دیکە بە دەوریدا ڕادەکەن بۆ ئەوەی ڕزگاری بکەن و بیبەنە شوێنی نادیار.

بریندارەکە ناوی عەبدوڵا محەمەد رۆستەمی تەمەن 19 ساڵ بووە.

لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا کە لەسەر هەمان ئەکاونتی تویتەر بڵاویکردەوە، عەبدوڵا وتی کە ڕاپۆرتی ئەو پزیشکەی کە چارەسەری بۆ ئەو بریندارە کردووە دەڵێت، فیشەکەکە بەر قۆڵی کەوتووە و چووە ناو سنگی و یەک سانتیمەتر لە دڵییەوە دوورە.

ئەو گەنجە پێیوابوو کە لەلایەن سەربازانی بولگاریاوە بەمەبەستی کوشتن تەقەی لێکراوە.

بۆ ئەو گەنجەی کە ئێستا لە ئەستەمبوڵ نیشتەجێیە، خۆی و کۆچبەرانی دیکە پێشتر توانیان سنوورەکە ببەزێنن، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بولگاریاوە گەڕێندرابوونەوە، پێش ئەوەی توشی ئەو تەقە و بریندارییە ببن.

کۆچبەرەکە دەشڵێ: “نیوەی قۆڵی چەپم ئیفلیج بووە و دوو شکانیشم لە پەراسوەکانم هەیە”.

ڕەنگە بە دڵت بن