بەشداری چلەی ماتەمینی هاوڕێیەکی کرد لەوێ بریندار کرا

سپێهر ئەعزەمی، لاوی کوردی خەڵکی سەحنە و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرابوو، شەهید بوو.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٦ی دیسەمبەری ٢٠٢٢) سپێهر ئەعزەمی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی شاری سەحنە و دانیشتووی ناوچەی “چهارباغ”ی کەرەج، کە پێشتر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان بریندار کرابوو، لە نەخۆشخانەی مەدەنی شاری کەرەج گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاوڵاتییە لەکاتی بەشداری ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی، یەکێکی دیکە لە شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی شاری کەرەج، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکان پێکرابوو.

بەپێی زانیارییەکان، سپێهر ئەعزەمی، بەشی چەپی سینگ و نزیک دڵی بە گولەی هێزەکان پێکراوە.

تەرمی ئەو هاوڵاتییە بەیانی چوارشەممە، ١٦ی سەرماوەز لە گۆڕستانی “بهشت ڕقیە” لە چهارباغی کەرەج بە خاک دەسپێردرێت.

جێی باسە، ناوەندە ئەمنییەکان، گوشارێکی زۆریان خستۆتە سەر بنەماڵەی ئەعزەمی، کە لە ئەگەری میدیایی کردنەوەی هەواڵی گیان لەدەستدانی کوڕەکەیان، ئەوا ڕێ لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی ناوبراو نادەن.

ڕەنگە بە دڵت بن