لەهەڵمەتێکی نوێدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکانی مرۆڤ، پۆلیسی فیدراڵی هەڵیکوتایە سەر چەندین ماڵ و تەلاری چەند شوێنێکی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و، چەند قاچاخچییەکیان دەستگیرکردوون.
بە گوێرەی هەواڵیکی ماڵپەڕی مهاجر نیوز، دەستەڵاتدارانی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ چوارشەممە (7ی کانوونی یەکەمی 2022)، هەڵمەتێکی گەڕانیان دژی قاچاخچییەکان دەستپێکردووە، وتەبێژی پۆلیس دەڵێ، کە پۆلیسی فیدڕاڵی لە بەرلین و دارستان و سیگێن لە چەند ماڵ و تەلارێکدا گەڕانیان ئەنجامداوە، ئەوەش بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچییەکان.
دەستەڵاتداران فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ شەش کەس دەرکردووە، کە چوار کەسیان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ و، دوو کەسیان لە بەرلین و دووانیان لە دارستان دەستگیرکراون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، 375 ئەندامی پۆلیس بەشدارییان لەهەڵمەتەکەدا کردووە، وتەبێژەکە گوتی لێکۆڵینەوەکە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامە، زانیارییان هەیە، کە ئەو قاچاخچییانە نزیکەی 60 ئۆپەراسیۆنی هێنانی کۆچبەرانیان کردووە، کە تێیدا 300 کەسیان لە سوریا و عێراق بەشێوەیەکی نایاسایی هێناونەتە نێو ئەڵمانیا، بەتایبەت لە ڕێگەی بیلاڕوسەوە.
جێی باسە، بەگوێرەی وتەبێژەکەی پۆلیس، ئەو شەش قاچاخچییە، هاوڵاتی عێراق و سوریان.