ئەمڕۆ چوارشەممە، کەلوپەلی سەربازی و سەربازانی لەژێر ناوی ڕاهێنانی دژە تیرۆر، گواستۆتەوە نزیک سنووری ئۆکرانیا، ئەو وڵاتەش ترسی لەوە هەیە بیلاڕوسیش هاوشانی روسیا هێرشی بکاتە سەر.
ئاژانسی فەرمی بێڵتا نیوز لە زاری ئەنجومەنی ئاسایشی بیلاڕوسەوە دەڵێت: “لەم ماوەیەدا پلانی ئەوە هەیە، کە کەرەستەی سەربازی و کارمەندانی هێزەکانی ئاسایشی نەتەوەیی بگوازرێتەوە” ئەوەشی وت: “هاتووچۆی هاوڵاتیان بە درێژایی چەند ڕێگا و ناوچەیەکی گشتی سنووردار دەکرێت و، بەکارهێنانی چەکی ساختە بۆ مەبەستی مەشقکردن پلانی بۆ دادەڕێژرێت”.
بیلاڕوس گوتوویەتی ناچێتە ناو شەڕەوە لەگەڵ ئۆکرانیای دراوسێدا، بەڵام سەرۆک ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ لە ڕابردوودا فەرمانی بە سەربازەکانی کردووە، کە لەگەڵ هێزەکانی ڕوسیا لە نزیک سنووری ئۆکرانیا بڵاوببنەوە.
ئۆکرانیا چەند مانگێکە هۆشداری دەدا لەوەی، کە لە بیلاڕوسیا دەترسێت و، ڕوسیا پلانی هێرشی نوێی لەو سنوورەوە هەیە.
ستافی گشتی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ چوارشەممە لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، گوتی “یەکەکانی دوژمن لە زەمینەی ڕاهێنانی کۆماری بیلاڕوس مەشقیان پێدەکرێت و، هێرشەکانی ڕوسیا لە خاکی بیلاڕوسەوە بەردەوامە”.