مامۆستایەکی ئایینی دەڕفێندرێت و دەستی هاوژینەکەشی دەشکێندرێت

پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵا حسێنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و کەسایەتی ئایینی شاری جوانڕۆ و کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە، کەشێکی میلیتاریزەی بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپاندووە و، کێشەی بۆ هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنیش دروستکردووە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ١٢:١۵ خولەکی بەربەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری جوانڕۆ، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی مامۆستا سەیفوڵا حسێنی، پێشنوێژی هەینی مزگەوتی “خاتەمولئەنبیا”ی ئەو شارە و، لەلایەن ئەو هێزانەوە بەشێوەیەکی دڕندانە ڕفێندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات بە نوێڵ دەرگای ماڵی مامۆستا سەیفوڵایان شکاندووە و، بە پۆستاڵەوە هێرشیان کردووەتەوە ناو ماڵی ناوبراو، وێڕای ڕفاندنی ئەو مامۆستا ئایینییە، هاوژینی مامۆستا سەیفوڵا بە ناوی خاتوون قادری تەمەن ۶٠ ساڵ، لەلایەن ئەو هێزانەوە بێڕێزی پێکراوە و دراوەتە بەر لێدان و دەستی چەپی ناوبراویان شکاندووە. ناوبراو هەنووکەش لە نەخۆشخانەی ڕەسووڵی ئەکرەمی شاری جوانڕۆ لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

پاش ڕفاندنی مامۆستا سەیفوڵا حسێنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە، لە بڵیندگۆی مزگەوتی خاتەمولئەنبیا داوا لە خەڵک کراوە، کە له پێش دەرگای فەرمانداریی جوانڕۆ کۆببنەوە، کەمتر له ٣٠ خولەک پاش ئەو بانگەوازە، زیاتر لە هەزار کەس لە پێش بینای فەرمانداری ئەو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد، کە تێیدا خوازیاری ئازادکردنی ئەو مامۆستایە بوون.

سەرچاوەکان لەوبارەیەوە ڕایانگەیاندووە، کە لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە شەقامەکانی شاری جوانڕۆ جێگیر کراون و، هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆنیشیان تووشی کێشە کردوون و، بەتەواوەتی کەشێکی میلیتاریزەیان بەسەر شاری جوانڕۆدا زاڵ کردووە.

ڕەنگە بە دڵت بن