مەترسی سزادانی وەرزشوانێکی کورد بە سێدارە هەیە

هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەیان لە لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی شاری ئیلام کردووە و، سەرەڕای ئەوەش بە ئوتۆمبێل لێیان داوە و پاشان ڕفاندوویانە، هاوکات مەترسی سزادانی بە موحارەبەی لەسەرە، کە سزای سێدارە دەدرێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لاوێکی وەرزشوانی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی، جەلیل عەزیزپووری تەمەن ٣١ ساڵ، لە شەقامی ٢٤ مەتری ئەو شارە و، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕفێندراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکان پێش ئەوەی ئەو لاوە وەرزشوانە بڕفێنن، بە ئوتۆمبێل خۆیان بەو هاوڵاتییەدا داوە و، دواتر تەقەیان لێکردووە، پاشانیش ناوبراویان ڕفاندووە، لەوکاتەوە لە مافی چارەسەری دەرمانی و پزیشکی بێبەشیان کردووە.

هەنگاو ئاگادارە کە دۆسیەی جەلیل عەزیزپوور بۆ لقی ١٠١ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی حکومەت، لە شاری ئیلام نێردراوە و، ئەگەری زۆرە کە بە «موحارەبە» تۆمەتباری بکەن.

هەنووکە ئەو هاوڵاتییە بۆ گرتووخانەی ناوەندی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئیلام گواستراوەتەوە و، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەشکراوە.

ڕەنگە بە دڵت بن