سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو لە گرتووخانەی ناوەندی قەزوین (چووبیندەر) جێبەجێکرا، کە چەند ساڵێک پێش ئێستا دەستگیر کرابوون.
بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (١۵ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو، بە ناوەکانی یوسف میرزابەیگی، تەمەن ٣۶ ساڵی خەڵکی شاری قەسری شیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان و، محەمەد عەلی سەیدی، کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای لەسێدارەدانان بەسەردا سەپێندرابوو، لە گرتووخانەی ناوەندی شاری قەزوێن سزاکەیان جێبەجێکراوە.
یوسف میرزابەیگی، ٩ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خۆی دەستگیرکراوە، هەروەها محەمەد عەلی سەیدی، چوار ساڵ پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستگیرکرابوو، ئەو دوو بەندکراوە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.