ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی ئەنجومەنی وەزیرانی نۆردیک و ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) دەریدەخات، کە سوید لە زۆر ڕووەوە خراپترین وڵاتی نۆردیک بووە لە ڕووی مەرجەوە بۆ پەنابەرانی ئۆکرانیا.
وەزیری کۆچ ماریا ستینەرگارد دوێنێ بە ئێس ڤی تی وت: “کاتێک ئێمە ڕێنمایی کۆچکردنی بەکۆمەڵمان جێبەجێ کرد، چاوەڕێمان دەکرد بۆ ماوەیەکی کورتتر بێت”.
لە رێککەوتی 24ی شوباتەوە تا 1ی تشرینی دووەم، زیاتر لە 158 هەزار پەنابەری ئۆکرانی داوای پاراستنیان لە وڵاتانی نۆردیک کردووە، تێیدا سوید 47 هەزار پەنابەری پێگەیشتووە، لەکاتێکدا ئایسلەند کەمترین وڵات بوو کە 1700 پەنابەری پێگەیشتووە.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی بۆ دەرکەوت کە وڵاتانی نۆردیک تا ئێستا بە باشی چارەسەری قەیرانی پەنابەرانیان کردووە، بەڵام لەهەر وڵاتێکدا جیاوازییەکی بەرچاو لە بارودۆخی پەنابەراندا هەبووە، کە لە زۆر ڕووەوە سوید خراپترینیان بووە.
سوید کەمترین یارمەتی ڕۆژانە بە پەنابەران دەدا، بە پێچەوانەی وڵاتانی دیکە دەستگەیشتنی تەواویان بۆ دابین ناکات بۆ چاودێری تەندروستی و، هاوکات خولی فێربوونی زمانیشیان بۆ ناکاتەوە، وەک دانیمارک، نەرویج و فینلاند.
وەزیری کۆچی سودی ئەوەشی خستەڕوو، کە لەئێستادا هیچ پلانێکیان بۆ پێداچوونەوە بە مەرجەکانی پێشوازیکردنی پەنابەرانی ئۆکرانیا نییە.