گەنجێک و مێرمنداڵێک لەژێر گوشاردا دانپێدانیان پێ واژۆ دەکرێت

منداڵێکی خەڵکی مەهاباد، بەناوی زەکەریا خزرپوور، کە یەک مانگە دەستبەسەرە، لەژێر ئەشکەنجە و گوشاری هێزەکاندایە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

بەگوێرەی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) زەکەریا خزرپووری تەمەن ١٦ ساڵ، لەڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە، لەلایەن هێزەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەرکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زەکەریا خزرپوور لە ڕۆژانی یەکەمی دەستبەسەرکرانیدا، بە چاوی بەستراو بە توندی ئەشکەنجە دراوە و، ناچار بە واژۆکردنی چەند بەڵگەیەک کراوە کە ناوەڕۆکەکانیانی نەخوێندووەتەوە.

دوای یەک مانگ ئەشکەنجە و ڕاگرتنی لە بەندە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئەمنییەتی ئورمیە، زەکەریا خزرپوور بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

هەروەها زانیار یەحیازادە، خەڵکی گوندی “ژیوار”ی سەر بە شاری سەوڵاوا، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە بۆ ئەوەی، کە دانپێدانی زۆرەملێ لە ناوبراو وەربگرن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەردەوام لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە بۆ ئەوەی، کە بە شێوەی زۆرەملێ دان بە تۆمەتە داتاشراوەکانی ناوەندەکاندا بنێت.

ڕەنگە بە دڵت بن